عادل باخه‌وان: ئێران له‌و قۆناغه‌دا پێویستی به مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایه له عێراق
K24- هه‌ولێر:
له‌باره‌ی دیداره‌كه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له واشنتن و لێكه‌وته‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی شاندی عێراق له ئه‌مه‌ریكا و بڕیاری واشنتن بۆ گۆڕینی رۆڵی هێزه‌كانی له شه‌ڕكه‌ره‌وه بۆ مه‌شقكار و راوێژكاری له عێراق، عادل باخه‌وان، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌باره‌ی عێراق گوتی: ئێستا بۆمان ده‌ركه‌وت كه ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت عێراق جێ بهێڵیت، ئه‌گه‌ر بشیه‌وێت به‌ڵام ناتوانێت، ئه‌ویش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، له‌ونه‌ش ئه‌مه‌ریكا چه‌ندین به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌منی، سه‌ربازی، ئابووری و جیۆپۆلیتیكی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌یه و هه‌موو ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ش كه‌وتوونه‌ته ناو خاكی عێراق.
ئه‌م گوتانه‌ی عادل باخه‌وان له‌كاتی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـدا هاتوون و گوتی: ئه‌مه‌ریكییه‌كان نایانه‌وێت ئه‌زموونی ساڵی 2011 دووباره بكه‌نه‌وه، كه ئه‌وكات به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نابه‌رپرسیارانه و كتوپڕ عێراقیان جێهێشت، ئه‌مه‌ش بووه هۆی درووستبوونی بۆشاییه‌كی زۆر گه‌وره له عێراق و هیچ كامێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی، توركیا، ئه‌وروپا، چین و رووسیا ئه‌و بۆشاییه‌یان پڕ نه‌كرده‌وه، تاكه وڵات كه ئه‌و بۆشایه‌ی قۆسته‌وه، كۆماری ئیسلامی ئێران بوو، بۆیه ئه‌مه‌ریكییه‌كان نایانه‌وێت ئه‌و هه‌ڵه‌یه له عێراق دووباره بكه‌نه‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، خاڵێكی دیكه ئه‌وه‌یه كه هێشتا داعش كۆتایی نه‌هاتووه، له‌كاتێكیشدا ئه‌و رێكخراوه هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر وڵاتانی سیسته‌می ئینته‌رناشناڵ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و ئه‌مه‌ریكا به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت.
هه‌روه‌ها گوتی: خاڵێكی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه كه دوژمنێكی دیكه له‌ناو عێراق بۆ ئه‌مه‌ریكا دروستبووه، ئه‌ویش بریتییه له گرووپه میلیشیا شیعه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، كه بۆ ئه‌مه‌ریكا مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و گروپه میلیشیایانه هیچ له مه‌ترسییه‌كانی داعش كه‌متر نییه.
سه‌باره‌ت به كاردانه‌وه‌كانی ئێرانیش بۆ گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكاش دكتۆر عادل باخه‌وان گوتی: كاردانه‌وه‌كانی كۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌و گفتوگۆیانه له دوو ئاستی جیاواز ده‌بن، یه‌كێكیان ستراتیژی و ئه‌وی دیكه‌یان تاكتیكییه، هه‌رچی ئاستی ستراتیژییه ئه‌وه‌یه، كه ئێران له‌و قۆناغه‌دا پێویستی به مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكایه له عێراق، چونكه له‌ڕووی بابه‌تییه‌وه بوونی ئێستای ئه‌مه‌ریكا له عێراق خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی ئێرانیش ده‌كات. به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی تاكتیكی، زانراوه كه ئێستا دانوستانێكی گه‌رم له نێوان واشنتن و تاران هه‌یه، ئه‌و دانوستانه چه‌نده له ڤیه‌ننایه، ئه‌وه‌نده‌ش له هه‌ولێر و به‌غدایه و به‌رده‌وام له پشت په‌رده‌كانه‌وه گفتوگۆ بۆ دۆزینه‌وه‌ی فۆڕمێكی تازه ده‌كه‌ن، بۆ ئیداره‌دانی عێراق، به‌ڵام تا ئیستا هیچ كامێكیان ئه‌و فۆڕمه‌یان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌مه‌ریكییه‌كان هه‌موو كارته‌كانیان به‌كار ده‌هێنن، بۆ ئه‌وه‌ی فشار بخه‌نه سه‌ر كۆماری ئیسلامی، تاوه‌كو له‌و دانوستانانه كه‌مترین ده‌ستكه‌وتی هه‌بێت، له به‌رامبه‌ریشدا ئێرانییه‌كان له رێگه‌ی میلیشیاكانه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌موو كارته‌كانیان به‌كاربهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی فشار بخه‌نه سه‌ر واشنتن، تاوه‌كو ئێران زۆرترین ده‌ستكه‌وت له‌و دانوستانانه به‌ده‌ست بهێنێت.
سه‌باره‌ت به‌و بۆچوونانه‌ش كه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، واشنتن هه‌موو قورسایی خۆی ده‌خاته هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری فه‌ره‌نسی بۆ توێژینه‌وه له‌باره‌ی عێراق جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین، خاڵێكی زۆر گرنگ له به‌یاننامه‌كه‌دایه كه به زمانی عه‌ره‌بی هاتووه، په‌یوه‌ندی به هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه هه‌یه و گوتیشی: شاندی عێراقی له‌پشت په‌رده‌وه زۆر هه‌وڵیاندا له دانوستانه‌كاندا ته‌نها ناوی عێراق له رێككه‌وتنه‌كه‌دا هه‌بێت، به‌ڵام لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی له رێككه‌وتنه‌كه‌دا دوو ناوی جیاواز ده‌هێنن، ئه‌وانیش "عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان"ـن، ئه‌مه‌ش مانای وایه كه ئه‌مه‌ریكا دان به‌و راستییه‌دا ده‌نێت، كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م/ واقعێكه، دووه‌م/ پارتۆنه‌رێكی ستراتیژییه و سێیه‌م/ ده‌بێت مامه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت و جیاوازی له‌گه‌ڵیدا بكرێت. له یه‌كێك له پاراگرافه‌كانی رێككه‌وتننامه‌كه‌دا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، "مانه‌وه‌ی سه‌ربازیی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سێ مه‌به‌سته، ئه‌وانیش: یه‌كه‌م/ مه‌شقدانی هێزه عێراقییه‌كان به پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیشه‌وه، دووه‌م/ هاوڕێیه‌تی كردنی هێزه عێراقییه‌كان به هێزی پیشمه‌رگه‌شه‌وه، سێیه‌م/ بۆ پشتیوانیكردنی لۆجستی و واتایی هێزه عێراقییه‌كان به هێزی پیشمه‌رگه‌شه‌وه".