راگه‌یه‌ندراوێك له ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر
K24 - هه‌ولێر:
ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مڕۆ هه‌ینی (30ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2021) رایگه‌یاند، بەهۆی زۆرى ژماره‌ى مردووان به‌هۆى كۆرۆنا‌وە، به‌شێك له هاووڵاتيان پابه‌ندنين و ئاگادارين سه‌رپێچی له بڕياری ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر ده‌كرێت، بۆیه سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پێشمەرگە، پۆلیسی هاتوچۆ) راسپاردراون ئاماده‌كاریی بۆ جێبەجێکردنی ئه‌م بڕیارانه بكه‌ن.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێردا هاتووه، پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی دیكه) قه‌ده‌غه‌یه و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت؛ سزا ده‌درێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش سه‌ردانى تووشبوانى كۆرۆنا له نه‌خۆشخانه‌كان و مانه‌وه و دروستكردنى قه‌ره‌باڵغى له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌يه‌ك قه‌ده‌غه‌يه و هه‌ركه‌س و لايه‌نێك پابه‌ند نه‌بێت رێكارى ياسايى له‌به‌رمبه‌ردا ده‌گيرێته‌به‌ر.
ده‌قی راگه‌یندراوه‌كه‌ی ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر:
رەوشی تەندروستی شارەکەمان به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى زنجيره‌ى نوێى ڤايرۆسى كۆرۆنا مەترسیدارە و مەترسیيه‌كانى هەڵکشان و تەشەنەسەندنى كۆرۆناى نوێش رۆژ دواى رۆژ له زیادبوون دايه بۆ سەرگیانی هاوڵاتییان، له‌پێناو پاراستنى ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تى شاره‌كه‌مان، ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر، ته‌واوى هاووڵاتیان و دانيشتوانى سنووری پارێزگاى هه‌ولێر ئاگادارده‌كاته‌وه.
یه‌كه‌م/ هه‌روه‌ك له راگه‌یندراوى رۆژى 2021.7.27، رامانگه‌یاندووه، پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی دیكه) قه‌ده‌غه‌یه و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت؛ سزا ده‌درێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه بەهۆی زۆرى ژماره‌ى مردووان به‌هۆى ئه‌م ڤايرۆسه‌وە، به‌شێك له هاووڵاتيان پابه‌ندنين و ئاگادارين سه‌رپێچی له‌م بڕياره ده‌كرێت، بۆيه جارێكى دیكه هۆشدارى ده‌ده‌ين به هاووڵاتيانى شاره‌كه‌مان كه پابه‌ندى ئه‌و بڕياره‌بن و ره‌چاوى رێكاره‌كانى خۆپارێزى بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ر هاووڵاتييه‌ك پرسه لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی دیكه) دابنێت، له‌لايه‌ن هێزه‌كانى پۆليس ده‌ست به‌جێ پرسه‌كه‌ى داده‌خرێت و به‌پێبژاردن سزا ده‌درێت.
دووه‌م/ دۆخەکە هەستیارە و رەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و ژماره‌ى تووشبوانى زنجيره‌ى نوێى ڤایرۆسی کۆرۆناش له زيادبوون دایە، به‌وهۆيه‌وه له‌نێو نه‌خۆشخانه‌كان ژماره‌يه‌كى زۆر له كه‌سوكار و خانه‌واده و خزمانى تووشبوان سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كه‌ن و له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كانى تايبه‌ت به‌چاره‌سه‌رى تووشبوانى كۆرۆنا ده‌مێنه‌وه و قه‌ره‌باڵغى زۆر دروست ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش هۆكارێكى ديكه‌ی زيادبوونى ژماره‌ى تووشبوان و بڵاوبوونه‌وه و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى كۆرۆنايه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هاووڵاتيانى سنوورى پارێزگاكه‌مان ئاگادارده‌كه‌ينه‌وه، سه‌ردانى تووشبوانى كۆرۆنا له نه‌خۆشخانه‌كان و مانه‌وه و دروستكردنى قه‌ره‌باڵغى له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌يه‌ك قه‌ده‌غه‌يه و هه‌ركه‌س و لايه‌نێك پابه‌ند نه‌بێت رێكارى ياسايى له‌به‌رمبه‌ردا ده‌گيرێته‌به‌ر.
سێيه‌م/ سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پێشمەرگە، پۆلیسی هاتوچۆ) راسپاردراون ئاماده‌كاریی بۆ جێبەجێکردنی ئه‌م بڕیارانه بكه‌ن، ئه‌و بڕيارانه‌ش سه‌رجه‌م قائیمقامیه‌ته‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه.
ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر
2021.7.30