ئەمساڵ بەرهەمی گەنم کەمترە و نرخی بەرزترە

نزیکەی 100 ھەزار تۆن گەنم لە سایلۆکانی ھەرێم وەرگیراوە
بازاڕی گەنم فرۆشانی هەولێر
بازاڕی گەنم فرۆشانی هەولێر

K24 - هەولێر

وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ کۆتایھات، کەمتر لەو بڕە وەرگیرا کە حکومەتی عێراق دیاریکردبوو بۆ جوتیارانی ھەرێم، لە چەند رۆژی داھاتووشدا  5 ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیاران، وەک قۆناغی یەکەم لە بەرامبەر گەنمی ئەمساڵ لە رێگەی بانکەکانەوە دەدرێت بە جوتیاران.

لە سنووری هەولێر ئەو گەنمەی لە سایلۆکان وەرناگیرێت لە بازاڕی گەنم فرۆشان دەفرۆشرێتەوە. حاجی یوسف محەمەد  30 ساڵە  جوتیارە و فرۆشیاری گەنمیشە بە کوردستان24ی گوت: "بەرھەمی ئەمساڵ کەمە و نرخەکانیش بەو ھۆیەوە لە بەزبوونەوەیە، لە هەمانکاتدا کوالێتی گەنمی ئەمساڵ وەک ساڵانی رابردوو نەبوو".

گوتیشی: "هۆکاری کەمبوونەوەی گەنم، بۆ وشکەساڵی دەگەڕێتەوە، چونکە ئەو گەنمانەی ئاو نەدراون زۆر خراپن، ئەمساڵ نرخی خراپترین جۆری گەنم لە باشترینی ساڵانی رابردوو بەرزترە".

سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی ھەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەرهەمی ئەمساڵی گەنم بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمبوو، ئەمساڵ 46 هەزار و 187 تۆن گەنم لای ئێمە وەرگیراوە، ئەو گەنمەی وەرمان گرتووە کوالێتی باشە، لەبەر ئەوەی ئاو دراوە".

ئەمساڵ حکومەتی عێراق لە 22ی حوزەیرانەوە رێگەی دا لە سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان، دەست بە وەرگرتنی گەنم بکرێت،  تا 3ی ئاب گەنم وەرگیرا، بۆ ئەمساڵ  125 ھەزار 482 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێم لە سایلۆکان وەرگيراوە، کە بەمشێوەیە: سلێمانی 72 هەزار و 311 تۆن، هەولێر 46 هەزار و 187 تۆن، دهۆک 6 هەزار و 983 تۆن.