شرۆڤە و بەراوردکاریی هەڵە!

Kurd24

خودی حوکمڕانی وەک چەمک و میتۆد ئەزموونکردنە لەناو فەزای گشتیدا، بەڵام فۆڕمێکی گشتیی و رووبەرێکی کراوە نییە بۆ ئیشکردن و هاتووچۆی ئاسان و شرۆڤەکردنی سادە. حوکمڕانیکردن بڕینی ئاستەنگی جددیی و ئاڵنگارییە، ئەوەندە بێ کۆسپ و کۆتوبەند نییە بەتەواوی تەسلیمی ئیرادەی وڵاتانی زلهێزی بکەیت وەک ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوو ئەدات. بەدیوێکدا تیۆریزەی گەڵاڵەی فیکریی و  سیاسیی و پرەنسیپی ئایدۆلۆژیی ناوخۆییە و مەرج نییە ئەوە بێت کە بۆت دادەڕێژن و تۆش جێبەجێی دەکەیت، هەندێک هەنگاو لە حوکمڕانی ڕەشیدو ڕاقیدا پەیوەندی بە هاوکێشە دەرەکیەکانەوە نییەو ناکرێت بەتەواوی ئەو ئیرادەیە تەسلیمی دەرەوەی کەینونە و بیرکردنەوەی خۆتی بکەیت!؟

‎ئەفغانستان وەک نیزامی مۆدێلی سیاسی شکستخواردوو لە بیست ساڵی ڕابردودا ڕاستە بەدەست نوخبەی سیاسییەوە هەڵسوڕاوەو حوکمکراوەو هەڵبژاردن ئەنجامدراوە بۆ هاتنە پێشەوەی ئەو کەسایەتی و کاراکتەرانە، وەلێ حەوشەی پشتەوە گرنگتر بوە بۆ کاری سیاسی، ئەکتەری سەرەکی دەوڵەتە نادیارەکە کێ بوەو چۆن هەڵسوڕاوەو چی کردوە ئەوە گرنگە، ئەمریکاو چین و ڕوسیاو ئێران بە پلەی یەکەم دێن لەو پرسەدا و یەک بەیەک نەخشیان هەبوە لە داخوران و تێکدان و بێ ڕۆڵکردن و شکست و هەڵهاتن نەک پاشەکشەی ئەمریکا. ئایا ئەمریکا قازانجی نەکرد بۆیە هەڵهات؟ یان هەیەجان و ترس دروست دەکات بۆ قازانجی زیاتر، بۆ بەدیلی گونجاوترو پێکدادانی مەزهەب و ئیتنیکە جیاوازەکان.

ئەو وڵاتە بەدرێژایی پەنجا ساڵی ڕابردوو لە کێشمەکێشی دینی و ئایدۆلۆژیدا بوو، چەپ و شیوعی و نەتەوەیی و نەژادیی و گروپگەلی تائیفی و مەزهەبیی و دواتر هەژموونی زلهێزان کۆنترۆڵی کردبوو،  لە ئەزمونی تازەی حامید کارزای 2001 - 2014 و دواتر سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵات ئەشرەف غەنی ئەحمەدزی لە 2014 تا ئێستای هاتنەوەی بزوتنەوەی هەمەجی و توندڕەوی تاڵیبان هەموو زادەی ئەو دۆخ و فەوزا سیاسیەن کە خودی ئەمریکا دروستی کرد یان ڕۆڵی هەبوو لە دروستکردنیدا، ئەگینا چۆن دەکرێت کەسایەتیەکی وەک ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئێستا، کە پسپۆری بانکیی و توێژەری زانستە سیاسیەکان و کۆمەڵناسی و ئەنسرۆپۆلۆژیای ئەفگانی و ئاسیای ناوەراست و رۆژهەڵاتییەو لە ئەمریکا ماستەری خوێندوەو لە 2010 یەکێک بوە لە سەد بیریاری هەڵبژێردراوی جیهانی و پێشتریش وەزیری دارایی و ئابوریی وڵات بوە، ئەوەندە بێ ئاگا بووبێت لە تەنگژەو دۆخی خراپی وڵات و گەندەڵی و پارەخواردن و ئەو سەرفە مالییە گەورەیەی وڵاتێکی وەک ئەمریکا کە بە 88 ملیارد دۆلار خەمڵاندویانە؟ کەواتە ئەفغانستان لە بنەڕەتەوە فۆڕمێکی جیاوازی سیاسی حوکمڕانی تێکەڵ بووەو خودی وڵاتەکەش وا خوڵقاوە هەمیشە ئارام نەبێت لە نێوان زلهێزان و نەژادە جیاوازەکانی وەک بەشتۆن و تاجیکی و هەزارەو ئوزبەکی و فارسی و تورکمانی.

بەواتایەکیتر ئەفغانستان مۆدێلی ئایدۆلۆژیای حوکمڕانی میللیی و دینیی و مەزهەبییە و ئاوێنەی سیاسیی نییەو نەبوە بۆ هیچ وڵات و دەوڵەتێک، پرۆسەی پاشەکشەو ئەگەری ڕوخاندنەکەشی پرسی دیموکراسی و دادگەریی و ئازادیەکان و مافی مرۆڤ نییە وەک هەندێک چاودێر شرۆڤەی بۆ دەکەن و بەراوردی دەکەن بە عێراق و کوردستان، ئەسڵەن ئەو وڵاتە نابێتە مۆدێل و کۆپیکردنەوە بۆ وڵاتانی دیکەو کراسێک نییە بۆ بەری هیچ دەوڵەتێکی هەرێمیی و ناوچەیی بشێت، ئەوانەی داخ و ئاخ بۆ کۆپیکردنەوەی ئەفغان هەڵدەکێشن بۆ کوردستان دیارە خەونیش بە گێڕانەوەی دەسەڵاتی فاشیزمی بەعس و خەلافەتی تاریکی جوندولئیسلام و ئەنسارو زەرقاویی و قاعیدەو داعش دەخوازن، دەی تاڵیبان هەمان بیرو نەزم و میتۆدی کلاسیکیانەو حوکمڕانی و خوێنڕێژیی و سەفاحگەریی ڕابردووە بە پێوانەی فەتواو جیهادو ئیجتیهادو سڕینەوەی هەموو حەزارەتێک.

یانی وا بیربکەیتەوە ئەوەی لە ئەفغانستان روویدا لە هەرێمی کوردستانیش روو دەدات لەبەر هاوشێوەبوونی هۆکارەکانی گەندەڵی دارایی و سەربازیی، ئەوە ئیتر هەڵەی غەفڵەت و کەمبینیی و بیرکردنەوەی سادەیە.

 پێشتر بینیمان سەرباری گوشارەکان سوریا نەکەوتە ژێر جەبریی گۆڕانکاریەکانی بەهاری عەرەبی و ئێرانیش هێشتا بە پێوە وەستاوە و نەکەوتە بەردەم نەشتەری گۆڕانکاریی مۆدێلی کۆپی نەبوو بۆ هیچ وڵاتێک، ئەوەی ئەگوزەرێ لە ئەفغانستان نەخشەڕێگای تازەی ئەمریکاش نییە بە تۆپزیی بەڵکو شکستی ئەمریکاشەو ئیشکردنە بۆ گۆڕینی دیدگاو میتۆدی حوکمڕانی هەندێک دەوڵەتی وەک ئێران کە چیتر سەرئێشە نەبن بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام ئایا ئەو سیاسەتە دروست و واقیعییە؟

ئەمریکا چونکە قیبلەی نییە خەریکی دروستکردن و تێکشکاندنی قیبلەکانی ناوچەکەیە کە هاوتابێت لەگەڵ بەرژەوەندییە نەوتیەکانی خۆی لە ترسی هەژموونی باڵای ئابوری چینی و ڕوسیی، بۆ ئەمریکا لە ئێستادا گوێڕایەڵیی لە هێزو لیواو سەربازو جیۆپۆلەتیک گرنگترە، دەخوازێت شتێک تاقی بکاتەوە پێشتر نەکرابێت.