مێپس و لۆبی 

Kurd24

دیدی سیاسی و حوکمڕانی و ڕوانگەی جەوهەریی كورد كارکردنە له‌سه‌ر دروستکردنی‌ هه‌رێمێكی فیدڕاڵ و ئارام و دیموكراسی لەو چوارچێوە دەستورییە فیدڕاڵیەی کە وەک فۆڕمێکی تازەی حوکمڕانی لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە هەیە لە عێراقدا‌‌، عەقڵیەتێکی فاشی و لۆژیکی تاکڕەوانە لەم چوارچێوەیەدا جێگای نابێتەوەو دەبێت دەستکاری ئەو جۆرە زیهنیەتانە بکرێ.

پانێڵ و گوتارەکانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناویین MEPS، جەختکردنەوە بوو لەسەر سەقامگیری و دەستگرتن بەو چەمکانەوە بەرەو بەهێزکردنی پێگەی هەرێم لەنێو گوتارو کۆنسێپتی فیدڕاڵیدا، بۆئەوەی وەک ئەکتەرێکی گرنگی جێبایەخ دەرکەوێت نەک کاڵکردنەوەی سنورەکانی ئەو هەرێمەو ئابڵوقەی دەسەڵاتە دەستوریەکانی و لێدان لە سەقامگیریەکەی بکرێتە نەریت وەک ئەوەی ئێستا دەبینرێت، ئه‌و کاراکتەرە بیانی و ناوخۆییانەش‌ کە له‌ مێپس به‌شداربوون، جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌، ده‌بێت پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسییه‌ت و مافی مرۆڤ و فیدراڵییه‌ت له‌ عێراق بچه‌سپێت و دیدی فاشیستانەو مۆنۆکراسیانەو ڕەدکردنەوەو تائیفیەت بەکەڵکی پێکهاتە عێراقیەکان نایەت و هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك نیمچه‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆو ئه‌كته‌رێكی نا ده‌وڵه‌تی هاوشان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ دەبێ ڕۆڵی ستراتیژی بدرێتێ و وازی بکات.

بەتایبەت له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌و جه‌نگه‌ نابه‌رامبه‌ره‌ی لە ئۆکرانیاو ئیسڕائیل و کەرتی غه‌ززه‌ هه‌یه‌و خواست زۆر بووە لەسەر دەوڵەتی قانوون و سەقامگیرو بەتایبەت چەمکی پێکەوەژیان و فیدڕاڵیزم و دەوڵەت نەتەوە، دوو ڤێرژنی مۆدێرنی دەوڵەتسازین، كورد ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا كه‌ تائێستاش ئینكاری لە مافه‌كانی ده‌كرێت لە ڕێگەی دادگای باڵای فیدڕاڵی و فاشیزمی مەزهەبی وەلائیەوە، گرنگە لۆبی بکات لە ناوخۆو دەرەوەو ئه‌و دیدگایه‌ جێبكاته‌وه‌و مافه‌كانی ده‌سته‌ربكرێت بەدوور لە جەنگ و ململانێی نادروست، 

گەرچی كورد خۆشی بەهۆکاری جۆراوجۆرو درزی ناوخۆیی و پەرتەوازەیی و ناسەقامگیریی نه‌یتوانیوە‌ وه‌به‌رهێنان بۆ تراژیدیاو ئازاره‌كانی بكات، چه‌ندین ساڵ كورد شه‌ڕی قاعیدەو داعشی كرد بۆ سەقامگیری و ئارامی جیهان و گرنگە ئەو پەیامە ئیتر بگات و چیتر وڵاتانی بیانی گوێ له‌و نه‌غمه‌ تراژیدیانەی كورد بگرن و ستاتۆ هەرێمیەکەی بپارێزن.

کاتێک کۆتایی بیستەکان بۆ یەکەمجار سامانی نەوتی عێراق دەرھێنرا هیچ دەستکاری دۆخی عێراقیەکانی نەکرد بە کوردستانیشەوە، ئەوەش بەهۆی زاڵبوونی نەفەسی ناسیۆنالیزمی بان عەرەبی و لێدان لە پرسی کورد، سامانی نەوتی و ژێرزەوی بوویە نیقمەت و دەردو نەخۆشیەکی کوشندە بۆ ماڵوێرانی و جەنگ، دانانی مەلیک غازی یەکەم و فەیسەڵی دوەم و شۆرشی رەشید عالی گەیلانی و نوری سەعید، فۆرمێکی ئیمپریالیانەو کۆلۆنیالیزمانەی دوبارەی ئینگلیزبوو، بۆ شەرعیەت و مانەوە تا ئیعلانی جمھوریەتی عێراق، ئەو سەردەمە کورد حیزب و رێکخراوەی سیاسی نەبوو، ئەوەی ھەبوو قەڵەمڕەوی سنورداری دەرەبەگ و عەشیرەت و ھەندێ ئەفسەر بوو بۆیە نەیتوانی ھیچ جێدەست و کاریگەریەکی دەوڵەتیانە بەجێ بھێڵێت و کەس گوێی بۆ ئەو خواستانەی کورد نەدەگرت، بەڵام ئێستا دەیان و سەدان توێژەرو کاراکتەری سیاسی ئەمنی ئەکادیمیستی بیانی خۆیان داواخوازن چیتر ستەم لە کورد نەکرێت و فۆڕمێک لە دەوڵەتی بۆ جێبکرێتەوە.

کورد حکومەت و دامەزراوەو دیبلۆماسیەت و مافی خۆبەڕێوەبەریی و پشکداریی هەیە لەو کۆڕبەندانەی کە باس لە دۆخی سەقامگیریی و ئاشتەوایی و ئابوری جیهانی دەکەن بە ئاراستەی باشتردا، ناکرێ دیسان کورد بێتەوە بە قوربانیی بەرژەوەندی دەوڵەتان لەکاتێکدا دنیا بەرەو فرە جەمسەریی و هێزی ئابوری بازاڕو وزەی جێگرەوەو میتاڤێرس و زیرەکی دەستکرد دەڕوات.

چوارەمین کۆڕبەندی مێپس هەم لۆبیکردن بوو بۆ پێکەوەژیان و فیدڕاڵیزم، هەم جەختکردنەوەبوو لەسەر پڕەنسیپی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە نەک جەنگ و کوشتار

بۆیە چوارەمین کۆڕبەندی مێپس هەم لۆبیکردن بوو بۆ پێکەوەژیان و فیدڕاڵیزم، هەم جەختکردنەوەبوو لەسەر پڕەنسیپی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە نەک جەنگ و کوشتار، چونکە پرسی ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆیی بۆ کورد فیکرو بڕوایە، سەدساڵ زیاتریشە کورد بۆ ئەو تێگەیشتن و ڕوانگەو دیسکۆڕسە خەبات دەکات، لە ئێستادا بەدەر لە حیزب و ئایدۆلۆژیا، دەبێت وەک کاراکتەرێکی ئەکتیڤ و بەهێز خۆی بنیادبنێتەوە لەنێو ئاریشەو ناسەقامگیریەکانی ناوچەکەو ململانێ تائیفیەکانی عێراقدا، باشترین بژاردەو دەرفەتی هەستانەوەی کوردیش، لە دوای کابوسی سەدساڵەی لۆزان و دابەشکاریەکانی نیشتیمانی کوردان و ئاڵنگاریەکانی ناوچەکە، باشترین کار بۆ کورد هەر ئەو ڕیتم و خەباتی تولێرانس و لۆبیکردنەیە بۆ پێکەوەژیان و سەقامگیریی، گەرچی ساڵانێکە کورد وەک ئەکتەرێکی کاریگەرو خاوەن هێزی سوپایی و ڕەگەزی سەقامگیریی و ئەمنی و وزەو نەوت و گازی سروشتی و پێگەی هەستیاری جیۆستراتیجی لە ناوچەکە، بەشدارە لە نێو هاوکێشەو ساڵۆنە گەرمەکاندا هاوشانی سەرکردەو سەرۆکە جیهانیەکان بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و فیدڕاڵی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە.

پێگەی هەرێمی کوردستان و بەشداری کارای لە کۆنگرەکان و ئاشتەوایی و ڕۆڵی لە سیاسەتی هەناردەی گازی سروشتیی و هاوسەنگی سەربازیی و ئەمنی و ڕەهەندی تازەی ئابوریی، ڕەنگە ئیتر بەهەند وەربگیرێت بۆ ئایندەی کورد، هەموو ئەوانە، وێستگەن بەرەو گۆڕینی مۆدێلی قەهرو ستەمکاریەکان دژی ناسیۆنالیزم و تەڤگەری کوردیی و هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتن و پەیماننامەکانی وەک سایکس پیکۆو لۆزان و سەعدئابادو جەزائیرو گرنگە فۆرمه‌ڵەیەکی نوێ بۆ کورد پێشنیار بکرێ لەدەرەوەی دیدی فاشیستانەو پاکتاوکردنی نەتەوەیی و جیاکاریی،‌ به‌ته‌نیشت مۆدێلە تازەکانی ناوچەکەوە‌.