عەسکەر و ئایدۆلۆژیا و ئاژاوەکانی!

Kurd24

K24 - هەولێر

لە عێراقدا ڕۆژ بە ڕۆژ، ڕۆڵی عەسکەر و دامەزراوەی سەربازیی بەسەر کۆی جومگە هەستیارەکانی دەوڵەتەوە زیاد دەبێت، بۆیە هەرێمی کوردستان دەبێت پێشوەخت خۆی بۆ دۆخی ئاژاوەی سیاسی عەسکەر و سیناریۆکانی عەسکەریزمی ئایدۆلۆژی و مەزهەبی ئامادە بکات.

سەرباری ئەو دۆخە عەسکەریە ناچارییە، تا ئێستا هیچ هێز و کەسایەتی و دامەزراوەیەکی مەدەنی نییە لە عێراق بە دادگای فیدڕاڵیشەوە، بوێری ئەوەی هەبێت داوای یەکخستنەوەی سوپای عێراق و میلیشیاکان و هێزە ڕەشەکان و کۆماندۆکان بکات، کە بەسەدان گرووپ و سەرایا و ئۆردوگان، سەدان تیبە و لیواو فیرقەی حەشد و بلیۆنان دۆلار و بیرە نەوت و پاڵاوگەیان لە بەردەستە بۆ کۆنترۆڵی تەواوی جومگە هەستیارەکان.

کورد لە هەرێمێکی بچووکی نادەوڵەتی نیمچە فەرمی بێ پشت و پەنادا، چۆن هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە ڕێکبخا و یەکبخاتەوە لە کاتێکدا عێراق بەو دۆخەدا دەڕوات. بەپێی کام بنەما و دەستووری مەدەنی و یاسایی دەتوانی بژیت لەگەڵ ئەو نەفەسەدا، ئەوە حاڵی داڕزاوی عێراق و سەربازەکانیەتی و هەر رۆژێک فیتنەیەک و ئاشوبێک دروست دەکەن بۆ لێدان لە درزی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و تولێرانس، عێراقێکی پەرتەوازەو ناڕێک و فەوزەوی و میلیتار، بێگومان ناتوانێ داوای مەدەنیەت و شەفافیەت و ڕێک بوون لە هەرێم بکات و یاساو ڕێسای بۆدابنێ و ڕۆژی هەڵبژاردنی بۆ دیاری بکات و داوای دەرپەڕاندنی هێزی عەسکەری و هەژموونی هاوپەیمانان و ئەمریکاش بکات لە عێراق.

گەرچی ئەمریكا، هەڵەی ستراتیژیی خۆی بوو، کاتی خۆی جڵەوی شلکرد بۆ میلیشیاکانی شیعەو هانیدان بۆ دروستکردنی فیرقەو لیواو کەتیبەی بچوک بچوک تا سەرگەرمی خۆیان بن و پەرت بن و تەجنیدی مەزهەبی عێراق بکەن بە دۆلاری ئەمریکی، بەحسابی خۆیان بۆئەوەی شیعە بێکار نەبن و خەریکی توێژینەوەی زانستی و ئیمامەتگەری و زانکۆ و موزیک و مەعریفە نەبن و زیاتر چەکناس و موشەکناس و باروتناس و شەهیدناس بن تا فەلەکناس و فەلسەفەناس و ئاینناس و کۆمەڵناس، بینیمان بەبەرچاویەوە ئەو هەموو لەشکرو سوپایە لە حەشدو لیواو كەتیبەو میلیشیای مەزهەبی سەرایاو قودس و بەدرو عەسائبی ئەهلی حەق و ڕەبعەڵاو نوجەباو زولفەقارو شوهەدا، دروستکران لەسەر بودجەو دۆلاری کاشی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکی، ئێستا بە دوسێ زەبری ئاسمانی کەمتوانست و تاکتیکیانەی ترساندن، لەناو ناچن و بچوک نابنەوە، بگرە بە لێدانی سەربازی گەورەتر دەبن وەک هێزە عەقائیدیەکانی تری قاعیدەو تاڵیبان.

بیست ساڵە فڕۆکەی ئەمریکی دۆلاری کاش دێنێ بۆ عێراق لە خەزێنەی قەواڵە بانکیەکان کە هی هەموو عێراقیەکانە بە کوردیشەوە، دەشزانێ دەچێتە کام گیرفان و چی لێدێ و چی پێ دەکڕن، بۆیە هەندێک جار دەڵێین زەبری سەربازی چارە نییە بۆ ئەم دۆخە، چارەسەر گۆڕینی یاساکانی بەڕێوەبردن و دەستوری یاریەکەیە.

هەژموونی عەسکەرو میلیشیا، واتە هەژموونی سیاسەتکردن لە حکومڕانی و پیشەسازیکردن بە عەقیدەو ئایدۆلۆژیای جەنگ و لۆژیکی توندوتیژیەوە، هەموو ئەوانەش بەشەکەی تری بە پشتیوانی وزەو گازو کۆنترۆڵکردنی هەزاران بیرە نەوت و پاڵاوگەی نایاسایی و قاچاخەوە دەکرێت.

هەر کاراکتەرێک لە عێراقی نوێدا، هێزو عەسکەری لەدەست بێت کەوتنی مەحاڵە، دەتوانێ بەئاسانی بیرەنەوت و پاڵاوگەو کۆمپانیای گەورەو، بیزنس و سپیکردنەوەی پارەی لەدەست بێت، کەئەوەی هەبوو دەنگ و پۆست و پلەی وەزیفی و سیادی گەورەش دەکڕێت لە سەرۆک وەزیرەوە تا نزمترین پلەی وەزیفی، ئینجا لە بازاڕی کۆیلەکانیش (سوق الرقیق) بەخواستی خۆی دەنگ و ڕەنگ و کوتلەی پەڕلەمانی و مەندوب دەکڕێت و ڕای گشتی پێ دروست دەکات و دژی نەیارە سیاسیەکانی بەکاری دەهێنێت و گلادیۆی زاڵی پێدروست دەکات وەک ئەوەی ئێستا هەیە دژی هەرێمی کوردستان و یاساو ڕێسا پەڕلەمانیەکەی کەوتۆتە دەستی کەمینەیەکی عەسکەری و ئایدۆلۆژی دادگای فیدڕاڵی.

سەیرکەن، لەعێراقی تازەدا سوننەی میانڕەو، واتە هێڵی ئیخوانی و حیزبی ئیسلامی عێراقی کە کۆنترین ڕێکخستنی پەروەردەیی و سیاسیان هەبوە لەدوای دروستبوونی عێراق و دەستوری پاشایەتیەوە، تائێستا لە عێراقدا نەیانتوانیوە پێگەی بەهێزیان هەبێت، عیللەتەکەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە کەگرنگیان نەداوە بە عەسکەرو کەمپی میلیشیایی و هەمیشە لەبەردەم تیرۆرو گرتن و سڕینەوەدابوون، بەڵام بچوکترین گروپی شیعی زۆرترین کاریگەریان دروستکردوە لە عێراق، بەهۆی کەتیبەو سەرایاو لیوا سەربازیەکانیانەوە، توانیویانە بە هەڕەشەکانیان لە ئەمریکاو کوردو کەمایەتیەکان و دەزگا مەدەنیەکان، دەستکەوت و دەرفەتی مانەوە بۆخۆیان مسۆگەر بکەن و یاریکەری ئەساسی بن، ئێستا حەشدی کلدانی و ئاشوری هەیە کە شیعەکان خۆیان لە ڕووی بڕوای ئاینیەوە بەخوێنی سەریان تینون، لێ چونکە لەناو حەشد چەکدارکراون بە هەمان هەناسەی ئایدۆلۆژی، دەی بەقەد گەورەترین ڕێکخستنی کۆنی سوننەکان کاریگەریان هەیە، حەشدی تورکمانیش هەروەها تادەگات بە گروپەکانی لوبنانی و یەمەنی و سوری و ئەسفەهانی وەک نوجەباو ڕەبعەڵا کە خاوەنی پارەو نفوزو دەسەڵاتن.

بۆیە چالاککردنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە گرنگە بۆ کورد، پەیامێکی ڕوون هەیە، دەبێت کورد هێزو نیزامێکی عەسکەریی یەکگرتووی هەبێت دژی ئەو ئاژاوە سیاسیە مەترسیدارەو دەبێت پێشمەرگە لەو سیاقە مێژوویی و شۆڕشگێڕیەدا حسابی بۆبکرێ و لەچنگی بەرژەوەندی ناوچەیی و حیزبی و نەوتی ڕزگاری بێت ئەگەرنا تێپەڕاندنی ئەو دۆخە بۆ کورد سەخت دەبێ لەگەڵ بەغدادو ئەو عەقڵە فاشیستیەی بەڕێوەی دەبات.

شیعەکان زیرەکانە حەشدی شەعبیان خستە ناو چوارچێوەیەکی یاسایی و لە ساڵی 2016 یاسای بۆ دەرکراو بودجەی خەیاڵی حکومەتیان خرایە بەردەست و ساڵانە ڕێژەکەیان بەرزدەکەنەوە بەجۆرێک ئێستا لە سوپای فەرمی عێراق زۆرترن، دەبێ ئاواش پێشمەرگە بەیاسایی بکرێ و بخرێتە دەرەوەی مانۆڕە سیاسی و موخابەرایەتیەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی و لەحەرەسی ئیقلیمەوە ناونیشان و فۆڕمەکەی بگۆڕێت بۆ هێزێکی نیشتیمانی کاریگەر، دەوڵەتی قووڵ ئێستا بە خواستی خۆیان دەزگاو کاراکتەرە سیاسییەکانی عێراق و مەندوب و دادوەران بەکار دێنن، ماوەیەکی تر شتێک نامێنێ بە ناوی هەڵبژاردن و کورسی و دیموکراسیەت ئەگەر ئەو دیدگا و هەناسە فاشییە بەردەوام بێت، بۆیە دەبێت پێشمەرگەش تەواو ئامادەسازبێت بۆ گۆڕانکاری لەناکاو.