لە نزیک فڕۆکەخانەی کابول شەڕ روویدا

کوژراو و بریندار هەن
هێزەکانی ئەمەریکا لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی کابول- وێنە لە الحدث وەرگیراوە
هێزەکانی ئەمەریکا لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی کابول- وێنە لە الحدث وەرگیراوە

K24 – هەولێر

لە نزیک فڕۆکەخانەی کابولی پایتەختی ئەفغانستان، شەڕ لەنێوان هێزەکانی ئەفغانستان و گرووپە چەکدارەکان روویدا.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، ئەندامێکی هێزی ئەمنی ئەفغانستان کوژراوە و سێ ئەندامی دیکەی هێزە ئەمنییەکانیش برینداربوون.

سوپای ئەڵمانیا لە کابول رایگەیاندووە، لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا بەشداریان لەو پێکدادانە کردووە، بەڵام هێچ زیانێکی گیانی بەر هێزەکانی ئەوان نەکەوتووە.

لەلایەکی دیکە بزووتنەوەی تاڵیبان هێرشی بۆ سەر هەرێمی پەنجشیر دەستپێکرد.

دوای ئەوەی  کوڕی ئەحمەد شا مەسعود رەتیکردەوە هەرێمی پەنجشیر رادەستی بزووتنەوەی تاڵیبان بکات، چەکدارانی بزووتنەوەکە هێرشییان بۆ سەر ئەو هەرێمە دەستپێکرد، کە دوایین ناوچەیە بەدەست دژبەرانی تاڵیبان.

دوێنێش چەکدارانی تاڵیبان، ناوچەیەکییان لە هەرێمی بەغلان لە باکووری کابولی پایتەخت کۆنتڕۆڵ کردەوە، کە پێشتر لەلایەن بەرەی بەرگری میللییەوە لەدەست تاڵیبان دەرهێنرابوو.