بۆ دابینکردنی ڤاکسین عێراق 100 ملیۆن دۆلار قەرز وەردەگرێت

"بانکی نێودەوڵەتی پێشنیازی خەرجکردنی قەرزی کردووە، بۆ پڕۆژە دواکەوتووەکان، بەڵام رەتمان کردووەتەوە"
ڤاکسین
ڤاکسین

K24 - هەولێر

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق 100 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ کڕینی ڤاکسین قەرز دەکات.

ماهیر حەماد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاندووە "هیچ پڕۆژەیەک کە لە چوارچێوەی یاسیای بودجە رەزامەندی لەسەر دراوە نەوەستاوە، بەڵکو پڕۆژەکان بەگوێرەی پێویستییان بۆ وڵات و داواکارییە بنەرەتییەکان بەڕێوەدەچن".

ئاماژە بەوەشداوە "بانکی نێودەوڵەتی پێشنیازی خەرجکردنی قەرزی کردووە، بۆ پڕۆژە دواکەوتووەکان، بەڵام رەتمان کردووەتەوە".

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای کرد "حکومەتی عێراق بەهۆی پێویستی لەم کاتەدا، 100 ملیۆن دۆلاری دیکەی قەرزکردووە، بۆ کرینی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بانکەکە دەیەویست  قەرزەکە لە خەرجی پڕۆژەکان وەربگرین، بەڵام داوامان کرد قەرزەکە راستەوخۆ و سەربەخۆ بێت".