وەزارەتی پەروەردە دوو بژاردە دەخاتە بەردەم کەسوکاری قوتابیان

بەڵێننامەیەک دەدرێت بە قوتابخانەکان و کەسوکاری قوتابیان سەرپشک دەکرێن
قوتابخانەیەکی سنووری پەروەردەی هەولێر - 2020
قوتابخانەیەکی سنووری پەروەردەی هەولێر - 2020

K24 – هەولێر

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، بۆ پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دوو بژاردە لەبەردەم کەسوکاری قوتابیان هەیە، هەم دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە، هەمیش دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی بخوێنن.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان، هەموو بەخێوکارێکی قوتابی لە رێگەی بەڵێننامەیەک کە دەدرێت بە قوتابخانەکان، ئەگەر هەر کەسێک ئارەزووی نەبێت منداڵەکەی بچێتە قوتابخانە و پەیمانگاکان دەتوانن بژاردەی خوێندنی ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی هەڵبژێرن، لە سەرەتایی دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان 14 رۆژ ماوە دەدرێت بە کەسوکاری قوتابیان بۆ ئەوەی بڕیار بدەن".

گوتیشی: "ئەو قوتابیانەی دەیانەوێت بە ئۆنلاین بخوێنن، تاقیکردنەوەیان لەناو قوتابخانەکان دەبێت، هەروەها قوتابی دەبێ پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە هەبێ، بۆئەوەی ئاگاداری رێنماییەکان بێت".

وەزیری پەروەردە روونیکردەوە: "لەبەر ئەوە بژاردەی خوێندنی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنیمان هێشتووەتەوە، چونکە ئێمە لە سەردەمی کۆرۆناداین، داخستنی دەرگای قوتابخانەکان زیانی زۆر بە کەرتی پەروەردە دەگەیەنێت، کۆرۆنا هەیە و مەترسیدارە، بۆیە مافمان بەو کەسانە داوە کە ئارەزوویان نییە منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە، بۆ نموونە کەسێک نەخۆشی درێژخایەنیان لە ماڵەوە هەیە و نایانەوێت منداڵەکانیشیان بەرکەوتنیان لەگەڵ خەڵک هەبێت یان خۆیان دەپارێزن، بۆیە مافیان پێدراوە و خوێندنی ئەلیکترۆنی بەردەوامە و قوتابی دەتوانێت بە پاڵپشتی ماڵەوەیان بخوێنێت. ئێمە هەردوو بژاردەمان خستووەتە بەردەم کەسوکاری قوتابیان. لە 14ی ئەم مانگە دەرگای قوتابخانەکان دەکرێنەوە بە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکات، ئەگەر کەسێکیش دەیەوێت منداڵەکەی نەچێتە قوتابخانە و خۆپارێزی زیاتر بکات، دەتوانن لە رێگەی ئۆنلاین و خوێندنی ئەلیکترۆنی بەردوام بن لە خوێندن".

سەبارەت بە ئەگەری داخستنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، ئالان حەمەسەعید گوتی: "بۆ هەر ئەگەرێک لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیار دەدات، بەڵام ئەولەویەتی حکومەتی هەرێم ئەوەیە پرۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانەکان بەردەوام بێت".

ئاشکراشی کرد: "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە وەک ساڵی رابردوو 3 ملیار دینار وەک پێشینە بۆ وەزارەتی پەروەردە خەرج بکرێت، بۆ ئەوەی بدرێت بە ناوەندەکانی خوێندن، وەک پاڵپشتییە بۆ خوێندن کە لە بەردەستیان دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان".