دهۆك.. 2 ملیۆن و 600 هه‌زار دۆلار لەگەڵ 4 کیلۆ زێڕ دزران

دزییه‌كه‌ له‌ نیوه‌ی شه‌ودا كراوه‌
دهۆك
دهۆك

K24- دهۆك:

سەرچاوەیه‌ك لە هێزە ئەمییەکانی شاری دهۆك به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، لە گەڕەکی "ماڵتا"ی شاری دهۆك دزییه‌کی گەورە لە ماڵی بازرگانێکی ناسراوی دهۆك کراوه‌، كه‌ تا ئێستا دزی وا هاوشێوه‌ی نه‌بووه‌ له‌و شاره‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكرای كرد، شەوی رابردوو هەینی (3ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2021) لە گەڕەکی ماڵتا دزی له‌ ماڵی بازرگانێك كراوه‌، كه‌ دزه‌كان (2.6) ملیۆن دۆلار، كه‌ ده‌كاته‌ (260) ده‌فته‌ر دۆلاری ئه‌مه‌ریكی لەگەڵ (4) کیلۆ زێڕ و 2 ملیۆن دیناریان بردووه‌.

سەرچاوەكه‌ی هێزە ئەمییەکانی شاری دهۆك، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بۆ کوردستان24 ئاشكرایكرد، دزییەکە لە نیوەی شەودا کراوە و پەڕەی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا تاوانبارەکان دەستگیرنەکراون.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، دزییەکە لە ماڵی بازرگانێکی ناسراوی دهۆك کراوە، کە بازرگانی جگەرەیه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تا ئێستا ئەم جۆره‌ دزییە هاوشێوەی نەبووە و یەکەمجارە دزیێکی وا گەورە لە دهۆك بکرێت.

 

د.ی