له به‌غدا سه‌رۆكی هه‌ردوو ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا و سووریا كۆ ده‌بنه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
به نێوه‌ندگیری حكومه‌تی عێراق، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ له نێوان هه‌ردوو به‌رپرسی ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتیمانی توركیا و به‌رپرسی ئاسایشی نیشتیمانی سووریا، له به‌غدا به‌ڕێوه ده‌چێت.
رۆژنامه‌ی توركیا گازه‌تیس، بڵاویكرده‌وه، بۆ دروستكردنی قۆناغێكی تازه له نێوان ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق، به چاودێری و سه‌رپه‌رشتی عێراق، به‌منزیكانه كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان هه‌ردوو به‌رپرسی هه‌واڵگری توركیا و سووریا، له به‌غدا به‌ڕێوه ده‌چێت.
راشیگه‌یاند، هه‌ر یه‌ك له هاكان فیدان، سه‌رۆكی هه‌واڵگری نیشتیمانی توركیا و عه‌لی مه‌ملووك به‌رپرسی ئاسایشی نیشتیمانی سووریا، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامده‌ده‌ن، تێیدا كۆمه‌ڵێك پرسی گرنگ تایبه‌ت به ناوچه‌كه تاوتوێ ده‌كرێت.
ئیسماعیل حه‌قی بیكین، سه‌رۆكی پێشووی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا له‌مباره‌وه رایگه‌یاند، سه‌ره‌تای تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و سووریا، بۆ ساڵی (2011) ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگی ناوه‌خۆیی له سووریا، كه بووه هۆكاری تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كان، بۆیه ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌كی تازه و كرانه‌وه‌یه‌كی نوێیه له نێوان دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره.
راشیگه‌یاند، گرنگترین ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه مه‌ملوك و فیدان ئاماژه‌یپێده‌كه‌ن، پرسی پارتی كرێكارانی كوردستان و په‌نابه‌رانه، هه‌روه‌ها گفتوگۆی تایبه‌ت به دۆسییه‌ی ئیدلیب ده‌كرێت، بۆ دروستكردنی نه‌خشه‌رێگایه‌كی نوێ، له‌پێناو داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وتر له نێوان هه‌ردوو وڵات.
گوتیشی: پرسی كشانه‌وه‌ی هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و سووریا، تاوتوێ ده‌كرێت، كه كاریگه‌ری ده‌بێت بۆ سه‌ر داهاتووی ناوچه‌كه.
سه‌رچاوه: توركیا گازه‌تیس
ك.ب