پارتی له ساڵرۆژی یادی شۆڕشی ئه‌یلوولدا ده‌ستی به بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن كرد
K24- هه‌ولێر:
رۆژی شەممە 11ی ئەیلوول لە یادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی ده‌ستی به ھەڵمەتی بانگەشە بۆ به‌شداریكردن له ھەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا کرد و ئه‌و حزبه بە 51 كاندید لەگەڵ یەك كاندیدی کوردی فەیلی لە 10 پارێزگا و 28 بازنەی ھەڵبژاردن لە سه‌رانسه‌ری عێراق و ھەرێمی کوردستان بەشداری له‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌كات، له رێوڕه‌سمێكی فراوانیشدا کە سەرۆك بارزانی تێیدا بەشداربوو و گوتارێکی مێژوویی پێشکەش کرد، داوای کرد، بانگەشەیەکی ھێمنانە و یاسایی بە ڕێوە بچێت.
له‌و باره‌یه‌وه مه‌حمود محه‌مه‌د، گوتەبێژی پارتی ئاشکرای كرد، پاڵپشتی بانگەشەیەکی ھێمنانە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەن و بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بانگەشە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستانیش ئاماده‌ن و جه‌ختی كرده‌وه، ھەموو ئامادەکاریەکیان بۆ بانگەشەیه‌کی فراوان لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان کردوە و لەم ڕووه‌وە بە شێوەیەکی فراوان بانگەشە دەستپێ دەکەن.
له رێوڕه‌سمه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا کاندیدەکانی پارتی لەسەر ئاستی بازنەکان ناسێنران، ئەوەی گرنگە بۆ پارتی ئەوەییە، كه ژماره‌یه‌ك كاندیدی لە شارەکانی دیكه‌ی عێراق ھەیە و لە نەتەوەی عەرەبن. پارتی پێی وایە، دەبێت ھەڵبژاردنێکی پاك و بێگەرد به‌ڕێوه‌بچێت، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه سەرکەوتوو بێت و ده‌نگی راسته‌قینه‌ی لایه‌نه‌كان ده‌ربكه‌ون.
جێگای ئاماژه‌یه، له‌كۆی 52 بەربژێر 34 یان پیاون و 18 یان ئافرەتن و به‌سه‌ر 28 بازنه‌دا له سه‌رانسه‌ری عێراق دابه‌شبوون، لەنێویاندا پسپۆڕانی یاسایی، ئابووریناس، بەڕێوەبردنی کار، زمانه‌وانی، پلاندانانی پەروەردەیی و بازرگانی هه‌ن، بەڵام زۆربه‌یان پسپۆڕی بواری یاسایین، چونكه پارتی دەزانێت، ئەم جارە دەبێت شەڕی یاسا و چەسپاندنی دەستور بکات، بۆیە 15 لە کاندیدەکانی پسپۆڕی ئه‌و بواره‌ن.
پارتی لە پارێزگای ھەولێر لە چوار بازنەدا بە 12 بەربژێر بەشدارە، لە دھۆکیش لە سێ بازنەدا 11 بەربژێری ھەیە و لە سلێمانیش کە پێنج بازنەیە پێنج بەربژێری دابەشی سەر بازنەکان کردووە، ھەروەھا لە کەرکووك دوو بەربژێری ھەیە، لە بازنەکانی یەك و دوودا.
نەینەوا 14 بەربژێر لە حەوت بازنەدا، سەڵاحەدین یەك بەربژێر لە بازنەی دوودا، دیالە دوو بەربژێر لە بازنەکانی دوو و چواردا، بەغدا دوو بەربژێر لە بازنەکانی دوو و شەشدا، ئەنبار یەك بەربژێر لە بازنەی یەك، کەربەلا بەربژێرێك لە بازنەی یەك و واست یەك کۆتای فەیلی.
H.B