بەشێك لە ڤیدیۆی دانوستانە نھێنییەكانی ئێران و ئەمریكا سڕاوه‌ته‌وه‌

ئەمریكا : بەشێك لە ڤیدیۆی دانوستانە نھێنییەكانی ئێران و ئەمریكا لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سڕدراوەتەوە

K24 – هه‌ولێر

جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، لە ساڵی 2013 بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە ئەنقەست بەشێك لە ڤیدیۆی كۆنفرانسی رۆژنامەوانی لەبارەی وتووێژە نھێنییەكانی ئێرانی بەر لە بڵاوبوونەوە لە یوتيوب و ماڵپەڕی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، سڕیوەتەوە.

لەو كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا لە دیسامبری 2013، جەیمز رووزن، ھەواڵنێری فۆكس نیوز لەبارەی وتوێژی نھێنی لەگەڵ ئێران پرسیاری لە جۆن ساكی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كرد و، ئەویش لە وەڵامدا گوتبووی ھەندێجار بۆ ئەوەی دیپلۆماسی بەرەوپێش بڕوات، پێویستی بە چوارچێوەیەكی پارێزراو و نھێنی ھەیە.

جۆن كێربی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەشێك لەو وتووێژە كە تایبەت بووە به‌ پرسی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران، لەسەر داوای بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا سڕدراوەتەوە. جۆن ساكیش رەتیكردەوە ئەو ڤیدیۆیە لەسەر داوای ئەو سڕدرابێتەوە.