هێرشی بەراز بۆ سەر کێڵگە کشتوکاڵییەکان جووتیارانی نیگەران کردووە

"زۆرجار زیاتر له‌ 40 به‌راز به‌یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر كێڵگه‌كانمان داده‌ده‌ن، پۆلیسی دارستانیش رێگه‌ به‌ كوشتنیان نادات"

K24 - هه‌ولێر:

ساڵانە ژمارەیەکی زۆری جووتیاری گوندەکانی کەنار رووباری سیروان گرنگی بە بەرھەمھێنانی لۆبیا دەدەن، ئەو جووتیارانەش دەڵین: ئەمساڵ جیا لە وشکە ساڵی، جۆریك نەخۆشی و کرمیش كاریگه‌ری لەسه‌ر بەرھەمەکانیان دروستكردووه‌، بەرازیش ھەراسانی كردوون و پۆلیسی دارستانیش رێگە نادات بیانکوژن، له‌كاتێكدا رەوە بەراز لەھەر کێڵگەیەکی کشتوکاڵی بدات؛ بەتەواوەتی وێران ده‌كات.

جووتیارانی کەنار رووباری سیروان ده‌ڵێن: لەگەڵ پێگەیشتنی لۆبیا و وه‌رزی رنینه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ بازاڕی گه‌رمیان ساغ ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌و بازاڕه‌ ره‌واجی زۆره‌.

ئەحمەد شەھاب، جووتیارێكی كه‌نار رووباری سیروانه‌، ساڵانه‌‌ لۆبیا به‌رهه‌مده‌هێنێت و گوتی: "دوای پێگه‌یشتنی لۆبیاكه‌، به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ بازاڕی كه‌لار، و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، لۆمبیاكانیان خواستێكی زۆری له‌سه‌ره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ئاوێكی پاك ئاودێری ده‌كرێت و خاكه‌كه‌ش بۆ لۆبیا زۆر چاكه‌".

جگه‌ له‌وه‌ی وشكه‌ساڵی كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر به‌رهه‌می جووتیارانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ داناوو و به‌و هۆیه‌وه‌ جۆره‌ كرمێك زیانی به‌ كێڵگه‌ كشتووكاڵییه‌كانیان گه‌یاندووه‌، له‌ هه‌مانكاتدا گله‌یی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌ بەرازیش بەشێکی دیکەی زیانی بۆ جووتیاران زیاد کردووە، چونکە بوونەتە ھۆی خواردن و تێکدانی كێڵگه‌ کشتوکاڵییه‌كانی گوندنشینان.

سیروان محمود، جووتیاریكی دیكه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌ و باس له‌ به‌رهه‌می ساڵانه‌ی كێڵگه‌ كشتووكاڵییه‌كانی ده‌كات و ده‌ڵێت: ساڵانه‌ له‌م چه‌مه‌ی گوندی "تازه‌ دێ" كشتوكاڵ ده‌كه‌ن و به‌رهه‌مێكی زۆری هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه‌ كرم زۆربووه‌، ئه‌مه‌ش زیانی زۆری لێداون".

ئەحمەد محەمەدیش كه‌ له‌ كه‌نار رووباری سیراون كاری جووتیاری ده‌كات گوتی: جگه‌ له‌ وشه‌كه‌ ساڵی، ره‌وه‌ به‌رازیش زیانی بۆ به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌بووه‌، زۆر جار زیاتر له‌ 40 به‌راز به‌یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر كێڵگه‌كانیان داده‌ده‌ن، ئه‌وانیش ناتوانن له‌به‌ر رێگرییه‌كانی پۆلیسی دارستان بیانكوژن و داوای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، چاره‌سه‌رێكیان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

بەدرێژایی رووباری سیروان دەیان جووتیار ساڵانە بەھۆی لە باری زەویەکانیان و ھەبوونی ئاو، گرنگی بە بەرھەمھێنانی لۆبیا دەدەن، ئەمەش بووه‌تە سەرچاوەیەکی دیکەی بژێوی بۆ جووتیارەکان و سەدان کرێكار.

د.ی