سووریا.. له دوو ته‌قینه‌وه‌دا 20 كه‌س كوژران و بریندار بوون
K24- هه‌ولێر:
ئیئتیلافی نیشتمانیی هێزه‌كانی شۆرش و ئۆپۆزسیۆنی سووریا رایگه‌یاند، له دوو ته‌قینه‌وه‌ی جیاوازدا له شاری جه‌رابلسی باكووری ئه‌و وڵاته، به‌لایه‌نی كه‌م 2 كه‌س كوژران و 18ی دیكه‌ش بریندار بوون.
له‌و باره‌یه‌وه ئاژانسی "سانا" ئاشكرایكرد، له ئه‌نجامی دوو ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌كدا له‌ڕێگه‌ی بۆمبی چێندراو و هه‌ڵواسراو له شاری جه‌رابلسی سه‌ر به پارێزگای حه‌له‌ب، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی سڤیل و چه‌ند چه‌كدارێكی ئه‌و گرووپانه بریندار بوون، كه فه‌رمان له ئه‌نقه‌ره وه‌رده‌گرن.
ئه‌و ئاژانسه له‌سه‌ر زاری ژماره‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ی خۆجێیی ئه‌و شاره گواستییه‌وه، "یه‌كێك له بۆمبه‌كان به ماتۆڕسكیلێكه‌وه له نزیك كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌بو عومه‌ر كۆشان له‌سه‌ر شه‌قامی رووبار هه‌ڵواسرابوو و له كاتی ته‌قینه‌وه‌یدا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی سڤیل بریندار بوون، وێڕای برینداربوونی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری گرووپه‌كانی سه‌ر به توركیا، كه دوای ته‌قینه‌وه‌ی یه‌كه‌م هاتبوونه ئه‌و شوێنه و به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دووه‌م ئه‌وانیش بریندار بوون".
تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه، ئاخۆ ئه‌و دوو كه‌سه‌ی له ته‌قینه‌وه‌كه‌دا كوژراون، چه‌كدارانی گرووپه‌كانی سه‌ر به توركیان، یانیش هاووڵاتیی سڤیلن.
H.B