گرانی نرخی وزە رێژەی هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ بۆ بەرزترین ئاست بەرزدەکاتەوە

ئەگەری هەیە ئەو بەرزبوونەوەیە بە درێژایی وەرزی زستان درێژەبکێشێت
رێژەی هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ بۆ بەرزترین ئاستی 13 ساڵی رابردووی بەرزبووەتەوە
رێژەی هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ بۆ بەرزترین ئاستی 13 ساڵی رابردووی بەرزبووەتەوە

K24- هه‌ولێر:

بە گوێرەی داتا فەرمییەکانی لە سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ بڵاوکراونەتەوە، رێژەی هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ بۆ مانگی ئەیلوول بۆ بەرزترین ئاستی 13 ساڵی رابردووی بەرزبووەتەوە، هۆکاری سەرەکیش بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی وزەیە.

بە گوێرەی داتا بەراییەکانی نووسینگەی ئاماری ئەوروپا (یۆرۆسات)، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئەیلوول بۆ سەدا 3.4 بەرزبووەتەوە.

ئەوەش بەرزترین ئاستی رێژەی هەڵاوسانە لە دوای مانگی ئەیلوولی ساڵی 2008ـەوە کە ئاستی سەدا 3.6ـی تۆمار کرد، هۆکاری سەرەکی بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی بەکاربەر لە ئەڵمانیا دەگەڕیتەوە، کە بە رێژەی سەدا 4.1 لە مانگی ئەیلوولدا بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و ئەمەش بەرزترین ئاستییەتی لە سێ دەیەی رابردوویدا.

پاڵنەری سەرەکی ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوەش گرانبوونی نرخی وزەیە، کە بڕیاربەدەستانی ناوچەی یۆرۆی دووچاری نادڵنیایی کردووە، بە تایبەت نرخی گاز بۆ یەکەم مانگ لە ناوەندی 'TTF'ـی هۆڵەندی، کە پێوەرێکی ئەوروپایە بە رێژەی سەدا 400 لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەرزبووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەش، پێشبینی ناکرێت، ئەو بەرزبوونەوە پێوانەییەی نرخەکانی سووتەمەنی لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆتایی پێ بێت، لەو بارەیەوە شارەزایانی وزە هۆشداری دەدەن، کە ئەگەری هەیە ئەو بەرزبوونەوەیە بە درێژایی وەرزی زستان درێژەبکێشێت.

 

د.ی