سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەوروپا دەکات

بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، ئامادەیی یەکێتیی ئەوروپای بۆ هاوکاریکردن و هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی هەرێم و پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان دەربڕی

K24 - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە (3ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆکتۆبەری 2021) پێشوازی لە "ماری پارێ"، بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەوروپا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەوروپا کرد
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەوروپا کرد

سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و کارکردن لە پێناو خزمەتکردنی زياتری هاووڵاتیان و ئەنجامدانی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی.

بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، ئامادەیی یەکێتیی ئەوروپای بۆ هاوکاریکردن و هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان دەربڕی. 

هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و میکانیزمەکانی چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و  پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.