ژنێكی پیر داوای فێنككه‌ره‌وه‌ی كرد، به‌ڵام ده‌ستگیركرا
K24 - هه‌ولێر:
پۆلیسی شاری ڤۆرۆنیژ-ی رووسیا ژنێكی پیریان ده‌ستگیركرد و دۆسییه‌كان له دادگا بۆ كرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنكردنه‌وه داوای سیسته‌می فێنكه‌ره‌وه‌ی بۆ باڵه‌خانه‌كه‌ی كردووه.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی رووسیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ژنێكی پیر په‌یوه‌ندی به خزمه‌تگوزارییه‌وه كردووه و داوای دانانی سیسته‌مێكی گشتی فێنككه‌ره‌وه‌ی بۆ ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌كردووه، كه تێیدا نیشته‌جێیه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، پیره‌ژنه‌كه له رێگه‌ی په‌یوه‌ندیكردنه‌وه به ژماره (112)ی خزمه‌تگوزاری، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه، كه بۆمبێكی چێنراوی له‌خۆی به‌ستووه و ئاماده‌یه له ده‌روازه‌ی باڵه‌خانه‌كه‌دا خۆی بته‌قێنێته‌وه؛ ئه‌گه‌ر سیسته‌می فێنككه‌ره‌وه‌ی بۆ دانه‌نێن.
دوای په‌یوه‌ندیكردنه‌كه، پۆلیس دوای ئاشكراكردنی ناوونیشانی باڵه‌خانه‌كه، هاتوونه‌ته شوێنه‌كه، ته‌واوی باڵه‌خانه‌كه و ده‌وروبه‌ریان پشكنیووه، هیچ ته‌قه‌مه‌نییه‌ك یان بۆمبێكی چێنراویان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی پۆلیس، ئه‌و پیره‌ژنه ته‌مه‌نی 61 ساڵه، پێشتریش پێشینه‌ی هه‌بووه، بۆیه ده‌ستگیركراوه و به تۆمه‌تی هه‌واڵپێدانی درۆ له‌سه‌ر كرده‌وه‌ی تیرۆیستی دۆسیه‌یه‌كی له دادگادا بۆ كراوه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی یاسا، كه ئه‌و مادده‌یه‌ی پیره‌ژنه‌كه‌ی پێ تۆمه‌تباركراوه، سزاكه‌ی 3 ساڵ زیندانی ده‌بێت، یان بۆ ماوه‌ی 3 ساڵ به زۆره‌ملێ كاری پێده‌كرێت.
سه‌رچاوه: نۆڤۆستی
د.ی