پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە

سه‌رۆك بارزانی داوایه‌ك له‌ خه‌ڵكی كه‌ركووك و شنگال و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

K24- هه‌ولێر:

له‌ په‌یامێكدا، كه‌ له‌لایه‌ن باره‌گای بارزانییه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی دووپاتیكرده‌وه‌، لە هەڵبژاردنەكانی پێشووی عێراقدا گەلی كوردستان پاداشتی هەڵوێست و خۆڕاگری و قوربانیدانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی دایەوە و داواشی له‌ گه‌لی كوردستان كرد، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌شدا پشتیوانی له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بكه‌ن.

هه‌روه‌ها داواشی له‌ خه‌ڵكی كه‌ركووك و شنگال و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كرد، له‌ رۆژی ده‌نگدان به‌ ده‌نگه‌كانیان وه‌ڵامی ئه‌و واقعه‌ نایاساییه‌ بده‌نه‌وه‌، كه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا سه‌پێنراوه‌.‌

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لە هەڵبژاردنەكانی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا گەلی كوردستان پاداشتی هەڵوێست و خۆڕاگری و قوربانیدانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی دایەوە و، بە پشتیوانیی گەلی كوردستان، پارتی بووە حزبی ژمارە یەك لە كوردستان و عێراق. هیوادارم لەو هەڵبژاردنەشدا گەلی كوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دووپات بكاتەوە.

هەر لێرەشدا داوا لە هاووڵاتیانی ئازیزی كەركووك و شنگال و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و، بە تایبەت داوا لە جەماوەر و لایەنگرانی پارتی لەو ناوچانە دەكەم، كە بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری هەڵبژاردن بن و بە دەنگی خۆیان وەڵامی واقعی نایاسایی و سەپێندراوی ئەو ناوچانە بدەنەوە. داواش لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان و جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم لە رۆژی دەنگداندا ئەركی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆیان جێبەجێ بكەن و دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن. بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی ئەندام و لایەنگران و سەرجەم ئۆرگانەكانی پارتی بكەم كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بانگەشەیەكی ئارام و مەدەنی و نموونەییان پەیڕەو كردووە.

هیوادارم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كەشێكی هێمن و بێ كێشە بەڕێوە بچێت و ئەنجامەكانیشی لە خزمەت چەسپاندنی بنەماكانی شەراكەت و داواكاریی هاووڵاتیان بێت و، ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلانی عێراق جێبەجێ بكرێت.

مسعود بارزانی

7ی تشرینی یەكەمی 2021