بکوژی پاسەوانەکەی لقی 12ی پارتی دەستگیر کرا

"ماوەی ساڵێکه‌ پیلانی کوشتنی فوئادی داناوە"
فوئاد ئەحمەد، پاسەوانی لقی 12ی پارتی، رۆژی 8/10/2021 لە سنووری ناحیەی سیروانی پارێزگای هەڵەبجە کوژرا
فوئاد ئەحمەد، پاسەوانی لقی 12ی پارتی، رۆژی 8/10/2021 لە سنووری ناحیەی سیروانی پارێزگای هەڵەبجە کوژرا

K24 – هەڵەبجە

پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە دەستگیرکردنی بکوژی ئەو پاسەوانەی لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە راگەیاند، کە لە چەند رۆژی رابردوو کوژرا.

بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە بەناوی قاسم عەبدولفەتاح محەمەد، لەلایەن بنکەی پۆلیسی سیروان بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایش دەستگیرکراوە و لە لێکۆڵینەوەکان دانی بە تاوانەکەدا ناوە، هەستاوە بە کوشتنی تاوان لێکراو (فوئاد)ی تەمەن 46 ساڵ کە پیشەی پۆلیس بوو، لە بارەگای لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشتر تێکەڵاوی لەنێوان بکوژ و تاوان لێکراودا هەبووە، دوای بوونی کێشە لەنێوانیان، قاسم ماوەی ساڵێکه‌ پیلانی کوشتنی فوئادی داناوە".

بەرەبەیانی رۆژی 5/10/2021، تەرمی فوئاد ئەحمەد، پاسەوانی لقی 12 پارتی، لە ناحیەی سیروان-ی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دۆزرایەوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە لەلایەن کەسێک بەهاوکاری هاوسەرەکەی کوژراوە.