له‌ هه‌رێمی كوردستان قەبارەی وەبەرهێنان له‌ 60 ملیار دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه‌

وه‌به‌رهێنه‌ران رایده‌گه‌یه‌نن، بڕیاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سوود و به‌رژه‌وه‌ندی وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیه‌

K24 – هه‌ولێر:

وه‌به‌رهێنه‌ران رایده‌گه‌یه‌نن، بڕیاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سوود و به‌رژه‌وه‌ندی وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیه‌ و كاركردن له‌ پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان ئابووری هه‌رێمی كوردستانی بووژاندووه‌ته‌وه‌ و هه‌زاران هه‌لی كاری ره‌خساندووه‌.

وەبەرهێنەران هەنگاو و بڕیارەکانی کابینەی نۆیەم بە گرنگ ناودەبەن و پێیانوایە، ئەو هەلانەی بەردەستن سوودێکی زۆر بە بەژێرخانی وڵات دەگەیەنن، بەڕێوەبەری کارگێڕی و یاسایی دەستەی وەبەرهێنانیش موخلیس سه‌لیم ئاشکرای دەکات، سەدان پڕۆژەی ستراتیژی هەن و لە دوو ساڵی داهاتوودا رەنگدانەوەی دەبێت.

تەنیا لە کابینەی نۆیەمدا 703 پرۆژە پسەندکراون بە سەرمایەی نزیکەی 16 ملیار دۆلارو 680 ملیۆن دۆلار، ئەم پرۆژانەش زیاتر لە 50 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنن، بۆیە بەشێکی زۆری ژێرخانی ئابووری کوردستان پشتی بە وەبەرهێنان بەستووە.

لەماوەی 15 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 992 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوەو زیاتر لە 457 پرۆژەش بە سەرمایەی 24 ملیارو 312 ملیۆن دۆلار تەواوبوونە، ئامانجی کابینەی نۆیەمیش رەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ وەبەرهێنەران.