جوتیارێکی پشدەر عەلەفی سیلاجی بەرهەم دێنێت

لە رێگەی ئامێرێکەوە بەرهەمەکە کۆیدەکاتەوە
کێڵگەی جوتیارێکی ناوچەی پشدەر
کێڵگەی جوتیارێکی ناوچەی پشدەر

K24 - پشدەر

جوتیارێک لە سنووری قەزای پشدەر تاقیکردنەوەیەک لەسەر چاندنی گەنمەشامی، بۆ بەرهەم هێنانی عەلەفی سیلاجی دەکات و دەڵێت، سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە.

کۆکردنەوەی ( کا ) و ( دان )ی گەنمەشامی پێکەوە سوودی زۆری بۆ ئاژەڵان هەیە و کاریگەری باشی لەسەر گۆشت و بڕی شیر هەیه. جوتیاران دەڵێن، عەلەفی سیلاجی بەرهەمهێنانی ئاسانە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری راپەڕینیش کە ئاوی زۆریان هەیە گونجاوڻ بۆ ئەو جۆره کشتوکاڵ کردنە.

لە رابردوودا بەڕێژەی کەم، گەنمەشامی لە سنوورەکە کراوە بۆ دانەکەی، بەڵام خاوەنی کێڵگەیەک کاو دانەکە پێکەوە کۆدەکاتەوە و دەیکات بە عەلەفی ئاژەڵ کە پێی دەگوترێت عەلەفی سیلاجی.

عەبدوڵڵا حوسێن، جوتیارێکی کێلە سپیان-ی سنووری قەزای پشدەرە ئەو کار بۆ بەرهەمهێنانی عەلەفی سیلاجی دەکات و بە کوردستان24ی گوت: "بە دوو جۆرە دەتوانین بەرهەمی گەنمە شامی کۆبکەینەوە، ئێستا ئێمە بە ئامێرێک دەیدروینەوە و بە سەوزی، دەیکەین بە عەلەف، پێی دەگوترێت عەلەفی سیلاجی. ئەو ئامێرە قەد و گەڵاکانی پێکەوە دەهاڕێت، دواتر دەخرێتە ناو زرفێکی تایبەت و دەترشێت، دوای هەفتەیەک ئامادەیە بۆ ئەوەی بدرێت بە ئاژەڵان، ئەو جۆرە عەلەفە چەندین پڕۆتین و ڤیتامینی تێدایە".

ئەو جوتیارە ئاماژەی بەوەشکرد: "جۆرێکی دیکەی کۆکردنەوە  بە دەنکە، دوای 20 رۆژ بڕینەوە ئاو لەسەری، کاتێک رەنگی زەرد دەبێت، بە دەنک داهاتی زیاترە".

زەویه کشتوکاڵییەکانی بیتوێن و پشدەر بە زەوی بەپیت و بەرەکەت ناسراون، ساڵانە دەیان جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی لێ دادەچێنرێت. بەڵام یەکەمجارە لەوێ جوتیارێک بۆ بەرهەمهێنانی عەلەفی سیلاجی بیر لە داچاندنی کێڵگەیەکی گەنمەشامی بکاتەوە، ئەو جۆرە لە کشتوکاڵ ئامێری تایبەت بۆ کۆکردنەوەی هەیە و پێویستی بەهێزی کاری زۆر نییە، لەبەرامبەردا داهاتی بۆ جوتیار له ئاستێکی باشدایە.