18 هاوڵاتی سڤیل له ئاوی فورات دا خنكان
K24 – هه‌ولێر
له‌كاتی ڕاكردنیان له شاری فه‌لوجه 18 هاوڵاتی سڤیل له ئاوی فورات دا خنكاوون.
میدیا عه‌ره‌بییه‌كان له‌باره‌ی ڕووداوه‌كه‌وه نوسیویانه ئه‌و هاوڵاتیانه له‌وكاته‌ی ویستوویانه شاره‌كه به‌جێبهێڵن و له‌ده‌ست شه‌ڕ و بۆردوومانی نێوان داعش و هێزه عێراقییه‌كان هه‌ڵبێن،په‌نایان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگایه بردووه و له‌وكاته‌دا كه‌وتونه‌ته ناو ڕووباره‌كه‌وه و خنكاوون.
به‌هۆی به‌ڕێوه‌چوونی شه‌ڕ له‌ناوچه‌كانی فه‌لوجه و ده‌وروبه‌ری نزیكه‌ی 50 هه‌زار له خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه له‌نێوان هه‌ردوولادا گیریانخواردووه و ڕێكخراوه مرۆییه‌كان له‌باره‌ی دۆخی خراپی خه‌ڵكی سیڤیلی ناوچه‌كه هۆشدارییان دابوو.
دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی سڤیل له‌وناوچه‌یه له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تی و لایه‌نه سونیه‌كانی عێراق ڕه‌خنه‌كرا و وه‌ك هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی تائیفی و مه‌زهه‌بی له قه‌ڵه‌م درا،هه‌رچه‌ند حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشتر ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی به‌هۆی ڕه‌وشی خه‌ڵكی سڤیل بۆ ماوه‌یه‌ك ڕاگرت و فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش بوردومانه‌كانیان ڕاگرت.
هه‌روه‌ها زانیارییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن خه‌ڵكی سڤیلی ناوچه‌كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی بۆ پارێزگاری له‌خۆیان به‌كارده‌هێنن.