وەزیری وزەی سعوودیە: ئۆپێک پڵه‌س ناتوانێت هیچ هەنگاوێک بۆ قەیرانی گاز بگرێتەبەر

"خواست بۆ نەوت بە بڕی 500 تاوەکو 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزدەبێتەوە"
قه‌یرانی گازی سرووشتی به‌رده‌وامه‌
قه‌یرانی گازی سرووشتی به‌رده‌وامه‌

K24 - هه‌ولێر:

عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعوودیە رایگەیاند، هەر هەوڵێکی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس بە بەرزکردنەوە هەر بڕێکی نەوت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دابەزاندنی نرخی گازی سروشتی نابێت.

وەزیری وزەی سعوودیە ئاماژەی بەوە كرد، رۆڵیان زۆر سنوورداره‌، بابەتەکە تەنیا پەیوەستە نییە بە نەوتی خاو. گوتیشی، تەنانەت ئەگەر چەندین تۆن نەوت بخەنە بازاڕەوە، ئەوا کێ پێویستی پێیەتی؟ کێ دەیانسوتێنێ؟ ئایا ئەوان ئێستا پێویستیان بە نەوتە یان بە گازی سروشتی؟

ئاماژەی بەوەش كرد، خواست بۆ نەوت بە بڕی 500 تاوەکو 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزدەبێتەوە، بە مەرجێک کەشوهەوا لە نیوەگۆی زەوی ساردتر بێت لە دۆخی ئاسایی خۆی. کە ئەو بڕەش دەکاتە نزیکەی سەدا 0.5ـی کۆی بەکاربردنی جیهانی.

عەبدولعەزیز بن سەلمان ئاشكرای كرد، هەست بە بێزاری دەکەن کاتێک بابەتی نەوت دەقۆزرێتەوە، لە کاتێکدا هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتە سەرەکییەکانەوە نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە نرخی گرێبەستە داهاتووەکانی گازی سروشتی و خەڵووز لەم چەند هەفتەی رابردوودا بۆ بەرزترین ئاستی خۆی بەرزبووەتەوە.