دووکاندارێک لەسەر وشەی کوردستان دەستبەسەر دەکرێت

"نکۆڵی لە زمانی ئێمە دەکرێت، ناسنامەی ئێمە نکۆڵی دەکرێت و نکۆڵیش لە بوونی کوردستان دەکرێت"
جەمیل تاشکەسەن - ئەو دووکاندارەی لەکاتی سەردانی سەرۆکی ئی پارتی، باسی کورد و کوردستان دەکات
جەمیل تاشکەسەن - ئەو دووکاندارەی لەکاتی سەردانی سەرۆکی ئی پارتی، باسی کورد و کوردستان دەکات

K24 - هەولێر

دووکاندارێک لە شاری سێرتی باکووری کوردستان، بەهۆی وشەی کوردستان دەستبەسەر دەکرێت و تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ رێکخراوێکی تیرۆرستی دەخرێتە پاڵ.

دوای ئەوەی مەرال ئاکشنەر، سەرۆکی ئی پارتی چاوی بە دووکاندارانی ناوچەی مسرج لە شاری سێرت کەوت، یەکێک لە دووکاندارەکانیش بەناوی جەمیل تاشکەسەن، بە سەرۆکی ئی پارتی گوت "نکۆڵی لە زمانی ئێمە دەکرێت، ناسنامەی ئێمە نکۆڵی دەکرێت و نکۆڵیش لە بوونی کوردستان دەکرێت، لە کاتێکدا ئێرە کوردستانە، بەڵام لە پەرلەمانی تورکیا کوردستان قبوڵ ناکرێت، ئێمەش ئەوە قبوڵ ناکەین".

لەسەر ئەم قسانەی، داواکاری گشتی سێرت بە تۆمەتی بانگەشە بۆ رێکخراوێکی تیرۆرستی دۆسیەی بۆ ئەو دووکاندارە کردەوە و دەستبەسەر کرا.

جەمیل تاشکەسەن، یەکێکە لە دووکاندارە کوردەکانی شاری سێرت، بە سەرۆکی ئی پارتی گوت: "ئەو شوێنەی ئێستا تۆی لێی کوردستانە، هەموو هاوڕێ و راوێژکارانی تۆ لێرە کوردن، بەداخەوە لە پەرلەمانی تورکیا نکۆڵی لێی دەکرێت و قبوڵ ناکرێت".

لە وەڵامدا مەرال ئاکشنەر، سەرۆکی ئی پارتی رایگەیاند: "ئەگەر کورد بیت یان تورک و عەلەوی و سوننی، دەبێ رێز لە بوونی هەموو نەتەوەکان بگیرێت. مافی خۆتە بڵێی ئێرە کوردستانە، بەڵام لەناو سنووری تورکیا ئێمە یەکین و کەس ناتوانێت نکۆڵی لە بوونی نەتەوەکان بکات".

سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر و بەرپرسانی هەدەپە رەخنە لە هێزە ئەمنییەکان دیاربەکر دەگرن و دەڵێن "نابێ وشەی کوردستان ببێتە هۆی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان".

زۆرجار وشەی کورد و کوردستان و زمانی کوردی لە تورکیا دەبێتە مایەی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان، زۆرجاریش خەڵک لەسەر ئەمە دەستگیر دەکرێت.