ماوەی پێدانی ژەمەکانی ڤاکسین بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران گۆڕانکاری بەسەردا دێت

بنکەکانی پێدانی ڤاکسین قەرەباڵغتر بوونە
بنکەی وەرگرتنی ڤاکسین بۆ مامۆستا و فەرمانبەران لە هەولێر
بنکەی وەرگرتنی ڤاکسین بۆ مامۆستا و فەرمانبەران لە هەولێر

K24 - هەولێر

ماوەی پێدانی ژەمی یەکەم و دووەمی ڤاکسین بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ 21 رۆژ کەمکرایەوە، دوای بڕیارەکەی لیژنەی باڵای کۆرۆناش فەرمانبەران و مامۆستایان روو لە بنکەکانی وەرگرتنی ڤاکسین دەکەن و  بەبێ سرەش دەتوانن ڤاکسین وەربگرن.

مامۆستا لوقمان، یەکێکە لە مامۆستایانی شاری هەولێر و بۆ وەرگرتنی ڤاکسین روو کردووەتە بنکەی پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەو داوا لە مامۆستایان دەکات لە پێناو پاراستنی خۆیان و قوتابیان و کەسوکاریان، ڤاکسین وەربگرن کە  یەکێکە لە رێگاکانی خۆپارێزی.

گوتیشی: "سوپاسی حکومەت دەکەین کە بنکەیەکی تایبەت بە مامۆستا و فەرمانبەرانی کردووەتەوە، بۆ ئەوەی ڤاکسین وەربگرن، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەتوانن ڤاکسین وەربگرن، ئەو جۆرە ڤاکسینانەی لە هەرێمی کوردستان هەن لە هەموو وڵاتان دەستەبەر نەکراوە، بۆیە پێویستە مامۆستایان و فەرمانبەرانیش بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و قوتابی و کەسوکاریان خۆیان بە ڤاکسینی کۆرۆنا بکوتن".

دوای بڕیاری لیژنەی رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا، کە دەبێت تەواوی مامۆستایان و فەرمانبەران تا کۆتایی مانگی12 ڤاکسین وەربگرن، بنکەکانی پێدانی ڤاکسین قەرەباڵغ بوونە و جمەیان دێت لە مامۆستایان و فەرمانبەران، ئێستا دوای خۆ تۆمارکردن راستەوخۆ دەتوانن ڤاکسین وەربگرن. بەپێی بریارێکی وەزارەتی تەندروستی ماوەی پێدانی ژەمی یەکەم و دووەم بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران لە51 رۆژەوە کرایە21 رۆژ، ئەوانەشی پێشتر ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە لە دوای 25 رۆژ دەتوانن ژەمی دووەم وەربگرن.

عەبدوڵڵا مەحموود، بەڕێوەبەری تەندروستی قوتابخانەکان بە کوردستان24ی گوت: "بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی لەسەرمان بوو لەلایەن مامۆستایان، ماوەی وەرگرتنی ژەمی یەکەم و دووەمی ڤاکسینمان کردبوو بە 51 رۆژ، بەڵام ئێستا کاتەکەمان کەمکردەوە بۆ 21 رۆژ".

ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەر سێ جۆرەکەی ڤاکسین بەردەستن، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دابینیکردون، دوای بڕیاری لیژنەی باڵای کۆرۆنا ئێستا فەرمانبەران و مامۆستایان روو لە وەرگرتنی ڤاکسین دەکەن. داواشیان لێدەکرێت دەبێت تا پێش ئەو وادەیە بۆیان دیارکراوە ڤاکسین وەربگرن ئەگەرنا بەپێی یاسا بەرکارەکانی فەرمانبەران، لە کاتی وەرگرتنی مووچە رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.