لە خولی نایابی کوردستان، هەندرێن هاتەوە پێشەنگ و دەربەندیخان و چەمچەماڵیش لە بەردەم هاندەرانیان بردیانەوە

پێش دەستپێکردنی یاریی چەمچەماڵ و نەورۆز
پێش دەستپێکردنی یاریی چەمچەماڵ و نەورۆز

لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان، هەندرێن بە بردنەوەی لە برایەتی و سوودوەرگرتن لە دۆڕانی پێشمەرگەی هەولێری هاتە پێشەنگی خولەکە، چەمچەماڵ و دەربەندیخانیش لەگەڵ هاندەرانیان ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا. لە کۆی هەشت یاریی گەڕەکە تەنیا 10 گۆڵ تۆمارکران.

هەندرێن و پێشمەرگەی هەولێر شوێنەکانیان گۆڕییەوە

پێشمەرگەی هەولێر لە یاریگای خۆی لەم وەرزە تامی یەکەم دۆڕانی کرد، دوای دوو بردنەوە و یەکسانبوونێک پێشمەرگەی هەولێر تووشی یەکەم دۆڕان بوو، لە یاریگای خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بە سیروانی نوێ دۆڕا کە شادمان سەباح تاکە گۆڵی یارییەکەی کرد.

سیروانی نوێ بەم بردنەوەیەی کە سێیەمین بردنەوەی لەسەریەکە بەدەستی دەهێنێت، لە پلەی دووەم بووە خاوەنی نۆ خاڵ و پێشمەرگەش هەر 7 خاڵی هەیە.

هەندرێن لە یاریگای خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە برایەتی میوانی بردەوە و هاتەوە پێشەنگی خولەکە، کە سۆران عەزیز تاکە گۆڵی یارییەکەی کرد و هەندرێن بەم بردنەوەیەی بووە خاوەنی 10 خاڵ و بە تەنیا پێشەنگی خولەکەی گرتووە، برایەتی پاڵەوانی وەرزی رابردووش هێشتا بەدوای یەکەم بردنەوە وێڵە.

چەمچەماڵ و دەربەندیخان لەگەڵ هاندەرانیان سەرکەوتنیان گێڕا

دەربەندیخان لە یاریگای خۆی لە بەردەم هاندەرانی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە هەڵۆی میوانی بردەوە کە شێرکۆ جەبار بە لێدانی سزا گۆڵەکەی کرد، هەڵۆ چوارەمین یارییە لەسەریەک دەدۆڕێت و هیچ خاڵێکی بەدەست نەهێناوە.

لە یارییەکی دیکە چەمچەماڵیش لەگەڵ هاندەرانی ئاهەنگی سەرکەوتنی گێڕا، هاوکار یەحیا لە نیوەی دووەم تاکە گۆڵی یارییەکەی کرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە نەورۆزیان بردەوە.

دهۆک سێیەم بردنەوەی بەدەستهێنا و ئارارات و هەولێریش یەکەم سەرکەوتنیان بەدەستهێنا

دهۆک دوای بردنەوەی لە یاریی دێربی بەرامبەر زاخۆ لەم گەڕەش سەرکەوتنی بەدەستهێنا و لە شەقڵاوە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سێ خاڵی بردەوە، کە مخەلەد سەبهان و سەردار عارف گۆڵەکانیان کرد و دهۆک بەم بردنەوەیەی بووە خاوەنی نۆ خاڵ و بە جیاوازیی گۆڵ لەدوای سیروانی نوێی دووەم دێت و پلەی سێیەمی گرتووە.

ئارارات و هەولێر یەکەم سەرکەوتنیان لەم وەرزە بەدەستهێنا، ئارارات بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە سۆرانی میوانی بردەوە کە عومەر بیبۆ تاکە گۆڵی یارییەکەی کرد، هەولێریش 2-1 لە شێروانەی میوانی بردەوە کە عەبدولمونعیم ئەحمەد و ئەحمەد حەیدەر گۆڵەکانی هەولێریان کرد و کوڕانی قەڵا و منارە تامی یەکەم سەرکەوتنیان کرد.

لە یارییەکی دیکەشدا زاخۆ و سەیدسادقی میوانی بەبێ گۆڵ یەکسانبوون و خاڵەکانی یارییەکەیان لە نێوان یەکتری دابەش کرد.

ئەنجامی یارییەکانی گەڕی چوارەم
ئەنجامی یارییەکانی گەڕی چوارەم