له گۆڕستانێك كۆدی "كیو ئاڕ دی" لهسهر كێلهكان دادهنرێت
K24 - ههولێر:
لە گۆرستانەکانی سالڤادۆر، بە نرخی تەنیا پەنجا دۆلار، لە سەر کێلی قەبری مردووەکان لە جیاتی نوسراو، کۆدی "کیو ئار دی" دادەنرێت، بەمەش سەردانیکاران دەتوانن لە کاتی سەردانیکردنی گۆڕهكان تەنیا لە رێگهی مۆبایلەکانیان و سکانکردنی کۆدی کیو ئار دی سەرجەم زانیارییەکانی مردووەکە و وێنەکانی لە رێگەی مۆبایلەکەیانەوە سەیر بکەن.
فرێدریک مزاد، وێنەگر و رێکخەری وێبسایتی کیو ئار دی مێوریال ئاماژهی بهوه كرد، چەند مانگ پێش ئێستا، رۆژێک ھەواڵێکم لە سۆشیال میدیاکان خوێندەوە و تێدا باس لەوە کرا بوو، کە لە گۆڕستانەکانی وڵاتانی ئەمهریکای لاتین، ئەوروپا و ئەمهریکا لە جیاتی نوسراو سەر کێلی قەبرەکان کۆدی کیو ئار دی دادەنێت، منیش پێم وا بوو ئەمە بیرۆکەیەکی باشە لە سالڤادۆر جێبەجێم کرد.
فرێدریکی رۆژنامەنووس دوایی بینی ئەم بیرۆکەیە لە وڵاتانی دیکە، وێبسایتێکی بۆ رێکخستن و دانانی کۆدی کیو ئار دی لە گۆڕستانەکانی سالڤادۆر دامەزراندووە بە ناوی کیو ئار دی مێمۆریال، خەڵک لە رێگهی ئەو وێبسایتەوە زانیاری و وێنەی مردووەکانیان دەنێرن و ئەویش بە نرخی پەنجا دۆلار بۆیان دروستی دەکات و لە سەر کێلی قەبری مردوەکانیان دەیلکێنت.
فرێدریک ئاماژهی بهوهش كرد، لە دەستپێکدا وەکو تاقیکردنەوە و ئاشناکردنی خەڵک ئەم تەکنەلۆژیایەم لە سەر قەبری کەسوکاری خۆم جێبهجێكردن و کۆدی کیو ئار دی-م بۆیان دانا و رێکلام بۆ کارەکانم کرد، خەڵک ئاشنای کارەکەم بوون و روویان لە وێبسایتەکەم کرد.
دانیشتوانی سالڤادۆر پێشوازییان لەم کارەی فرێدریک کردوە و پێیان وایە دانانی کۆی کیو ئار دی لە سەر کێلی قەبری مردووەکانیان رێگهیەکی زۆر باشە بۆ رێزگرتن لە یادیان.