ته‌ندروستی عێراق هۆشداری سه‌رهه‌ڵدانی چواره‌م شه‌پۆلی كۆرۆنا ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق هۆشداری له سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلی چواره‌می ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌دات و دووپاتیكرده‌وه، له‌مه‌ودوا بنكه‌كانی كوتان به ڤاكسینی دژ به‌و په‌تایه به شه‌و و رۆژ كراوه ده‌بن، ئه‌مه‌ش له چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكدا به هاوكاری له‌گه‌ڵ رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهان له‌پێناو خێراكردنی پرۆسه‌ی ڤاكسیندان.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان له عێراق، ریاز عه‌بدولئه‌میر، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی گشتی گوتی: "ده‌ستمان به هه‌ڵمه‌تێك كردووه بۆ فراوانكردنی ده‌روازه‌كانی پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به شه‌و و رۆژ و به رۆژانی هه‌ینیش بنكه‌كانی پێدانی ڤاكسین به هاووڵاتییان كراوه ده‌بن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئامانجمانه هه‌ڵمه‌ته‌كه فراوان بكه‌ین، تا رێژه‌ی وه‌رگرتنی ڤاكسین له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه ده‌گه‌یه‌نینه 50%".
هه‌روه‌ها هۆشداری له سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلی چواره‌می ڤایرۆسی كۆرۆنای له عێراق دا و جه‌ختی كرده‌وه، "جگه له به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ڤاكسینیان پێ ده‌درێت، هیچ رێگه‌یه‌كی دیكه‌مان نییه بۆ رێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی په‌تای كۆرۆنا".
عه‌بدولئه‌میر گوتیشی: "تا ئێستا هیچ نیشانه‌یه‌كی لابه‌لا و مه‌ترسیدارمان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه تێبینی نه‌كردووه، كه ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رگرتووه، له‌كاتێكدا تا ئێستا زیاتر له 6 ملیۆن كه‌س پێكوته‌كه‌یان وه‌رگرتووه"، هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، "شه‌پۆلی سێیه‌می كۆرۆنا ئه‌وه‌ی پشتڕاستكرده‌وه، كه نیشانه‌كانی كۆرۆنا له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ڤاكسینیان وه‌رگرتووه، زۆر لاوازن".
H.B