بەرهەم ساڵح: قەیرانی بنەڕەتی عێراق حوکمڕانییە

"تەنها کێشە ئەوە نییە لە عێراق حکومەت پێکبێنین"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لە دهۆک وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "قەیرانێکی بنەڕەتی لە عێراق هەیە کە قەیرانی حوکمڕانییە. تەنها و تەنها کێشە ئەوە نییە لە عێراق حکومەت پێکبێنین، کێشەی سەرەکی ئەوەیە چۆن بتوانین حوکمڕانییەکی باش جێگیر بکەین".

لە سەرەتای وتارەکەیدا سەرۆک کۆماری عێراق گوتی: "زۆر سوپاس بۆ جەنابی کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بۆ دەعوەتنامەکەی، زۆرخۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە کۆدەبینەوە، ئەم زانکۆیە خۆی پێگەیەکی زانستی و مەعریفی گرنگە هیوادارم سەرکەوتوو بێت لە بە ئەنجام گەیاندنی پەیامەکەی خۆی بۆ پێگەیاندنی نەوەکانی ئایندە و پێگەیاندنی پێشمەرگەی ئاوەدانی و خزمەتکردنی ئەم وڵاتە. بایەخدان بە کەرتی پەروەردە و فێربوون گرنگە، بۆ ئەوەی هەم کوردستان هەمیش عێراق و ناوچەکە بتوانێت تەواوکەری جیهانی پێشکەوتوو بێت".

گوتیشی: "ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکدا دەبەسترێت کە گۆڕانکاری زۆر گەورە لە ناوچەکەدا هەیە، ناونیشانی ئەم کۆڕبەندە "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغی راگوزەردا"، پرسیارێک هەیە کەی رۆژهەڵاتی ناوەڕست لە قۆناغی راگوزەردا نەبووە، هەمیشە پێشهات و گۆڕانکاری و رووداوی گرنگ رووبەڕووی ئەم ناوچەیە بووەتەوە و کاریگەری خۆی هەیە، بەڵام دەشێ بڵێین ئەم قۆناغە لەم ساتەدا بایەخێکی تایبەتی هەیە، بەشێکی زۆری ئەم گۆڕانکاریانە روویان لە عێراق و کوردستان و ئەم ناوچەیە، بەتایبەتی ئێستا کە باس لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق و پێکهێنانی حکومەت دەکەین، بە دڵنیاییەوە دەڵێم عێراق وڵاتێکی پڕ بایەخ و گرنگی ناوچەکەیە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، لە شەڕی عێراق – ئێرانەوە، سیستمی سیاسی ئەمنی ئەم ناوچەیە داڕماوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کێشە و گرفتەکانی عێراق. گەڕانەوەی عێراقێکی ئاسوودە و گەشە سەندو بۆ نەخشەی ناوچەکە و دەوری کارای لە کاروباری ناوچەکە گرنگە، بەڵام خاڵی دەستپێکردن بۆ ئەو مەبەستە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی و سەقامگیری عێراق".

سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاند: "لە 20 ساڵی رابردوودا پێنج کابینەی حکومەت لە عێراق پێکهێنراون، ئەم تەحدا تازەیەی لە پێشمانە، ئایا دەتوانین ئەمەشیان بەشێوەیەکی رێکوپێک حکومەتی ئەم جارەش پێکبهێنین و ئەم کارەش بە ئەنجام بگەیەنین؟، بێگومان تەحدای زۆرمان لە پێشە، هەموو هەڵبژاردنەکانی دیکەش هەبووە، بەڵام ئەم جارە تەحداکان گرنگ و چارەنووسازن، هیوادارم بتوانین بە رێگەی یاسا و دەستوورییەوە کێشە و گرفتەکانی ئێستای عێراق چارەسەر بکەین، بۆ ئەم مەبەستە خەڵکی دڵسۆز و خەمخور لە هەموو لایەنەکان پێویستە، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوەبین و ئەو ئاراستە بنەخشێنین".

بەرهەم ساڵح، گوتی: "قەیرانێکی گرنگ و بنەڕەتی لە عێراق هەیە کە قەیرانی حوکمڕانییە، ئەوەی لە تشرینی 2019 دەستیپێکرد، ئەو ناڕەزاییەی لە بەسرە و نەجەف و بەغدا و ناوچەکانی دیکەی گرتەوە، ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان بوو، داوای حوکمڕانی باش دەکەن بۆ وڵاتەکەی خۆیان، تەنها کێشە ئەوە نییە لە عێراق حکومەت پێکبێنین، کێشەی سەرەکی ئەوەیە چۆن بتوانین حوکمڕانییەکی باش جێگیر بکەین".

ئاماژەی بەوەشدا: "ناکرێ لێرەوە باسی کێشەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق نەکەین، ئەم کێشانە کیشەی کەڵەکە بوون کە پێویستی بە هەڵوەستەیەکی جددی هەیە، نزیکەی 20 ساڵە لە دوای پەسندکردنی دەستووری عێراق، بۆچوون و لێکدانەوەی جیاواز بۆ ئەم بڕگە و ئەو بڕگەی دەستوور هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، وایلێهاتووە هەموو ساڵێک کێشەکانمان لە بابەتی بودجە دێتەوە کایەوە، خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقیش ئەم دۆخەیان بە ناجۆر و ناپەسند لا روونە، پێویستی بە چارەسەرێکی بنەڕەتییە، بە روونی و راشکاوی دەیڵێم پەیوەندی هەرێم و بەغدا کێشەی بنەڕەتی تێدایە، دوای 20 ساڵ سەرەڕای کێشەکانی دیکە، خەڵکی عێراق بە کوردیشەوە پێویستمان بە چارەسەری بنەڕەتی هەیە، تەنها ئەو چارەسەریش ئەوەیە لەسەر مێزی گفتوگۆ بە قوڵی باسی ئەو کێشانە بکەین، کێشەی هاوبەش هەیە و تایبەتمەندی و پێگەی مێژووی کوردستانیش جێی خۆیەتی، بەڵام کاتی هاتووە دوور لە سەپاندنی ئەمری واقیع و مەنتقی هێز ئەم کێشانە لە کەشوهەوایەکی بیناکارانە یەکلا بکرێنەوە و عێراق بەرەو قۆناغێکی دیکە بەرین".