"هیچ کات پێشمه‌رگه‌ لە بودجەی سیادی سوودمەند نەبووە"

"دوای به‌دواداچوونمان ده‌ركه‌وت وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كانی نیشانداوه‌"
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان

K24 - هەولێر:

لە یاسای بودجەی ساڵانەی عێراق بە پێچەوانەی هێزی پێشمەرگە، بودجەی گەورە بۆ ‌سوپا و هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی تەرخان دەکرێت و بۆشیان خەرج دەکرێت، بەڵام بۆ پێشمەرگە سەدان بیانوو دە‌هێننەوە، لە کاتێکدا بەپێی دەستووری عێراق، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق.

بەغدا زوو زوو ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵانی رابردوو، سەتا 17 له‌ بودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمەی رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە سەتا 13 بووە، لەو سەتا 13ـه‌یه‌ش بڕدراوە.

سەعید هەرکی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە له‌ پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند، "پێشمەرگە بەپێی یاسا حەقی هەیە لە بودجەی سیادی  پارەی بۆ خەرج بکرێت، هیچ کات لە بودجەی سیادی سوودمەند نەبووە و كه‌ هۆكاره‌كه‌ی سیاسی بووه‌".

ناسر هەرکی، ئەندامی پێشووی لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند، "حكومه‌تی عێراقی هه‌ر جاره‌ و بیانووێك ده‌دۆزێته‌وه‌، هه‌ندێ جار بیانوویان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌باره‌ی داتاو ژماره‌ هاوكارییان ناكات، دوای به‌دواداچوونمان ده‌ركه‌وت وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كانی نیشانداوه‌".