دەنگەکانی 870 وێستگەی دیکە بە دەست دەژمێردرێنەوە

15 تانەی دیکە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن گەیشتووەتە کۆمسیۆن
سندووقەکانی دەنگدان لە ناوەندێکی کۆمسیۆن لە بەغدا
سندووقەکانی دەنگدان لە ناوەندێکی کۆمسیۆن لە بەغدا

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ ژماردەنەوەی دەستی بۆ 870 وێستگەی دەنگدان، لە پێنج پارێزگای عێراق دەست پێدەکات.

عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "کۆمسیۆن 15 تانەی دیکەی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتووە".

گوتیشی "ئەمڕۆ سێشەممە 23/11/2021، ژماردەنەوەی دەستی بۆ 870 وێستگەی دەنگدان، لە پارێزگاکانی، زیقار، نەجەف، موسەننا، نەینەوا و بەغدا دەست پێدەکات".

هاوکات ئەو بەرپرسەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، زانیارییەکانی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحی، لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی %18ی وێستگەکانی دەنگدان رەتکردەوە.

لە 10/10/2021، هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، هەندێک لەلایەنەکان جەخت لەسەر پاک و بێگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەنەوە. لەبەرامبەریشدا، بەشێکی دیکەی لایەنەکان پێیانوایە، کۆمسیۆن لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە سەرکەوتوو نەبووە و چەندین تانەیان پێشکەشکردووە، دەنگی ئەو وێستگانە بە دەست دەژمێردرێنەوە کە تانەیان لەسەرە.