په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا ده‌نگ له‌سه‌ر ناساندنی جینۆسایدی کورد ده‌دات

"لە ئەنجامدا ژەنەراڵ مستەفا بارزانی و جەنگاوەرەکانی ناچاربوون کە شەڕ رابگرن و ببن به‌ په‌نابه‌ر"
په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا
په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا

K24 – هه‌ولێر:

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 26-11-2021 پەرلەمانی فەرەنسا دەنگ به‌ پڕۆژە بڕیاری تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد کە له‌ لایه‌ن بەشێک لە پەرلەمانتارانی فەرەنسا ئاماده‌ كراوه‌، بدات.

دەقی پڕۆژە بڕیارەکەی پەرلەمانی فەرەنسا، ژمارە 4622:

کۆمەڵەی نیشتمانیی

دەستووری 4 تشرینی یەکەم

رۆژی 29-1-2021، لە سەرۆکایەتی کۆمەڵەی نیشتمانی تۆمارکراوە.

پڕۆژە – بڕیار

بۆ ناساندنی جینۆسایدی کوردان لە عێراق

دەستنیشانکردنی هۆکارەکان

بەڕێزان:

دەمێکە کورد بووەتە قوربانیی تووندوتیژیی و زۆرداریی سیاسیی و کولتووری، لە بەرئەوەی لە پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923ـدا نکۆڵییان لێکرا و ئەو دەرفەتەیان لێسەندرا کە ببنە خاوەن دەوڵەتی کوردی، وەک لە پەیمانی سیڤەر لە ساڵی 1920ـدا هاتبوو، لەو کاتەوە بەردەوام له‌ لایه‌ن دەوڵەتە جیاوازەکانەوە بە ئامانج گیراوە.

دوای گەیشتنی حیزبی بەعس بە دەسەڵات و ساڵی 1969، دوای ساڵێک لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی عێراق له‌لایه‌ن سەدام حوسێنەوە، دۆخی کورد لە عێراق زۆر خراپ بوو.

لە دوای ئەوەوە سیاسەتێکی تووندی بە عەرەبکردن، راگواستنی زۆرەملێ، لەسێدارەدانی پلان بۆ داڕێژراو و شەڕی ناوبەناو دەستیپێکرد.

لە ئاداری ساڵی 1971ـدا لە دەستووری نوێی حیزبی بەعسدا هاتبوو، دەبێت لەمەودوا کورد بەشداریی "یەکێتی سیاسیی و کۆمەڵایه‌تی وڵات" ببن و هەروەها "دەبێت عێراق لە چوارچێوەی نیشتیمانی عەرەبیدا قبوڵ بکەن"، ئەو ناچارکردنە بەهێزتربوو دوای ئەوەی لەکاتی کۆنگرەی سێیەمی حیزبی ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند "خاکی کورد ناسنامەی عەرەبییە".

ساڵی 1972 ، ساڵی بەخۆماڵیکردنی کەرتی نەوت بووە، کە سەرچاوەی سەرەکی عێراقە، ساڵی "بەعەرەبکردنی" پارێزگای كەرکووکیش بوو، بەتایبەت لە رێگەی دوورخستنەوەی 2 هەزار و 500 کرێکاری کورد کە لەو کەرتەدا کاریان دەکرد.

دوای تووندبوونەوەی ئاڵۆزییەکان و راگەیاندنی تاکڕەوی سەبارەت بە یاسای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردان، کە بەڕێوەبەرییەکی هاوبەش لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی عێراقدا دەگرێتەوە، لە ساڵی 1974 شۆڕشی دووەمی کورد دەستیپێکرد.

با ئەوەشمان لەبیربێت، کە لە ساڵی 1970دا حیزبی بەعس خۆی پابەند کردبوو بەوەی کە عێراق لە دوو نەتەوە پێکدێت و ئۆتۆنۆمیش بۆ هەرێمی کوردستان، کورد وەکو پێکهاتەیەکە کە لە تەواوی عێراق دانابڕێت، دروستکردنی هەرێمێکی کوردی کە زمانەکەی بە فەرمی لە بەڕێوەبەربردنی هەرێمەکە و پەروەردەدا، قبوڵبکرێت.

بەڕاستی سەدام حوسێن نیازی نەبوو کە دەستەکەوتێکی بەوشێوەیە بداتە کورد و ئەو دانوستاندنانە تەنیا بۆ ئەوەبوون، کە سوود لە کات وەربگرێت تاوەکو توانای عێراق بەهێز بکات.

لەکاتێکدا کە ئێران پشتیوانی کوردی دەکرد، ئاستەنگی لەپێش هێزە چەکدارەکانی عێراق دروست دەکرد، لە 6ـی ئاداری ساڵی 1975 سەدام حوسێن قبوڵیکرد، کە دەست لە هەندێک ماف لە شەتولعەرەب بۆ ئێران هەڵگرێت، لە بەرامبەردا ئێرانیش کۆتایی بە پشتیوانیکردنی کورد بێنێت.

لە ئەنجامدا ژەنەراڵ مستەفا بارزانی و جەنگاوەرەکانی ناچاربوون کە شەڕ رابگرن و ببن به‌ په‌نابه‌ر.

دواتر، لە ماوەی سێ ساڵدا سەدان هەزار کورد لە باکووری عێراقەوە گواسترانەوە بۆ پارچەکانی دیکەی وڵات، بەتایبەت بۆ باشووری عێراق.

لە پڕۆسەیەکی پێچەوانەدا، خێزانی عەرەب بانگهێشتکران کە بچن لەو ناوچانە نیشتەجێببن، لە پێناو به‌ "عەرەبکردن"ـی کوردستان.

لە کاتێکدا سیاسەتەکانی عێراق کە لەساڵی 1969ـدا بەڕێوەچووبوون و نەیانتوانیبوو "کێشەکانی کورد" چارەسەر بکەن، عەلی حەسەن مەجید ئامۆزای سەدام حوسێن لە ئاداری 1987دا، وەکو سەرۆکی نووسینگەی کاروباری باکووری عێراق (کوردستان) دەستنیشانکرا و هەموو دەسەڵاتێكی پێدرا بۆ ئەوەی "چارەسەری کۆتایی" پیادە بکات.

لە کاتی ئەو دەستنیشانکردنە، پڕۆسەی دەربەدەرکردن، وێرانکاری گوندەکان و گواستنەوەی دانیشتووانەکەی بۆ کەمپەکان چڕتربووەوە.

لە مانگی نیسان یەکەم تاقیکردنەوەی کیمیابارانکردن ئه‌نجامدرا، دەرکەوت کە کاریگەرە، لەو تاقیکردنەوەدا کە لە دۆڵی بالیسان ئەنجامدرا، بووە هۆکاری کوشتنی 400 کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە، لەکاتی راکردندا رووبەڕووی کیمیاییەکە ببوونەوە.

له‌ 26ـی ئایاری 1987 عەلی حەسەن مەجید بەرپرسانی حیزبەکەی کۆکردەوە و گوتی: "هەرکاتێک ئێمە پڕۆسەی راگواستنمان تەواو کرد، دەستدەکەین بە هێرش لە دژی ئەوان (پێشمەرگە)، لە هەموو شوێنێک گەمارۆیان دەدەین لە رووبەڕێکی بچووکدا و بە چەکی کیمایی هێرش دەکەینە سەریان، من تەنیا یەک رۆژ بە چەکی کیمایی هێرش ناکەمە سەریان، من 15 رۆژ هێرش دژی ئەوان درێژە پێدەدەم، من بە هاوڕێیانی شارەزام گوتووە، کە پێویستیم بە تیمی تایبەتە لە ئەوروپا، بۆ ئەوەی تەواوی ئەو کەسانە (رکابەرە کوردەکان)، بتوانین بگەینە ئەوان و بیانکوژین، بە پشتیوانی خودا من ئەمە دەکەم، من ئەوان تێکدەشکێنم و بەدوایان دەکەوم تاوەکو ئێران، من بە (موجاهیدنی خەڵقی ئێران) دەڵێم، کە لەوێش هێرشبکەنە سەریان".

دواتر عەلی حەسەن مەجید بڕیاری راگەیاندنی ناوچەی قەدەخەکراویدا، کە هەزار گوندی کوردی لەخۆ دەگرت و فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کرد، هەر مرۆڤێک یان ئاژەڵێک لەو ناوچانە هەبێت بیکوژن.

دوای ئەو بڕیارە، بڕیاری دووەم درا، کە لە نێویدا "نەخشەی" جینۆساید هەبوو.

بەمەبەستی خێرا جێبەجێکردنی پڕۆسەکە و سەلماندنی شێوازی خۆی، سەرۆکی نووسینگەی کاروباری باکووری عێراق دەستی بە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال (غەنیمە) كرد، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی "کافران" وەک دەستکەوت، لە نێوان 23ـی شوبات و 6ـی ئەیلوولی 1988 دا، ئەنجام درا، ئەم ئۆپەراسیۆنە لووتکەی جینۆسایدی پلان بۆ دانراوبوو لە دژی کوردان، ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە کۆچبەربوون، ونکردن و بە کۆمەڵکوژی و بۆمبارانکردن بە چەکی کیمیایی و لەسێدارەدان بەبێ دادگاییکردنی لێ هاتە ئاراوە.

رۆژی 25ـی مانگی ئاب 200 هەزار سەربازی عێراق لە 16 فیرقەدا کۆکرابوونەوە و فەوجێکی تایبەت بە چەکی کیمیایی بە پشتیوانی فڕۆکە "هەڵمەتی پاکتاوکردنی کۆتایی" لە دەڤەری بادینان، ناوچەیەکی کوردیی لەسەر سنووری تورکیا، دەستپێکرد.

هەرچەند ئۆپەراسیۆنی ئەنفال کۆتایی هات، بەڵام پڕۆسەی وێرانکردنیان درێژە پێدرا، بەتایبەت شاری قەڵادزێ، کە دوایین پڕۆسەی گەورە و کۆتایی بوو بۆ چارەسەرکردنی "پرسی کورد"، بووە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمیتەی کاروباری باکووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسەڵاتە تایبەتانەی کە درابوونە عەلی حەسەن مەجید.

با لەبیرمان بێت، لە کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا لە ئاداری 1988، كه‌ چەند کیلۆمەترێک لە سنووری ئێرانەوە دوورە، پێنج هەزار کورد لە چەند کاژمێرێکدا لە هێرشێکی کیمیاییدا کوژران، کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراقەوە لە جۆری مێگ و میراگۆ ئەنجامدرابوون، لە نێویاندا سێ هەزار و 200 قوربانیی خێزان، لە گۆڕێکی هاوبەشدا بەخاکسپێردران.

سەرەڕای ئەوەی جیهان بەو کۆمەڵەکوژییەی زانیبوو، بەڵام هیچ گوشارێکی نێودەوڵەتی کاریگەر لەسەر عێراق نەکرا بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشی نوێ بکات.

دوای شەش مانگ لەم کۆمەڵکوژییە، ئەمه‌ریکا یەک ملیار دۆلاری پێشکه‌شی سەدام حوسێن کرد، وەک هاوپەیمانی وڵاتانی رۆژئاوای بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

دەستتێوەردانی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە دووبارە بووەوە، کاتێک عەرەبی شیعە و کورد، لەلایەن سەرۆکی ئەمه‌ریکاوە هاندرابوون بۆ کەوتنی دەسەڵاتی بەعسی سەدام حوسێن سەرهەڵدان بکەن، لەناو خوێندا گەوزێندران، ناچاربوون ئاواره‌ ببن و بەوشێوەیە کێشەی مرۆیی لە ئێران و تورکیا دروستبوون.

رۆژی 5ی نیسانی ساڵی 1991 ،ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە 688 سەپاند، کە ئامانجی دروستکردنی "هەرێمی نەفڕین" و راوەستاندنی پێشکەوتنی سوپای عێراق بوو، هەروەها رێگەدان بە ئۆپەراسیۆنی مرۆیی بە ناوی Comfort Provide بوو، کە نیشانەیەک بوو بۆ دروستکردنی هەرێمێکی نوێی سەربەخۆ لە ناوچه‌ کوردییەکان.

ئەو رۆژە رەشانە بوونە هۆکاری ئەنجامی وێرانکاری، کە 90%ـی گوندەکانی کورد و نزیکەی 20 شارۆچکە وێرانکران.

هەروەها توانای کشتوکاڵکردن و ئاژەڵداریی لە کارکەوتن، بەهۆی دانانی 15 ملیۆن مین لە زەوییەکانی هەرێمەکە.

لەسەرووی ئەوەشەوە یەک ملیۆن و 500 هەزار جووتیار لەنێو کوٴمەڵگەکاندا نیشتەجێکران، بە گشتی لە ساڵی 1974ـەوە 400 هەزار کورد گیانیان لەدەستداوە، نیوەیان وەکو ونبوو هەژمار کران، کە 10%ی کۆی دانیشتووانی عێراق کوردبوون.

سەرەڕای ئەمە، بۆردوومانکردنی کیمایی کاریگەیی زۆری لەسەر تەندرووستی کوردان جێهشت، وەکو کوێربوون، لەبارچوونی منداڵان، نەخۆشییە زگماکییەکان.

دوور لە ئۆپەراسیۆنی سادە لە دژی راپەڕینەکان، گەلی کورد بە گشتی بووە ئامانجی لە نێوبردن.

لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2005، کۆمەڵکوژی دژی کورد وەکو جینۆساید ناسێندرا، لەلایەن دادگەی لاهای و  دادگایه‌كی تایبەتی عێراقەوە، لە حوزەیرانی ساڵی 2007دا، عەلی حەسەن مەجید لەگەڵ دوو بەرپرسی دیکەی عێراق، بەتاوانی جینۆساید دژی کورد لە سێدرارەدان.

تەنانەت دوای کەوتنی سەدام حوسێنیش، کوردانی عێراق بوونە قوربانی تووندوتیژیی، هەڵاواردن و کرداری دڕندانە، بەتایبەت لەسەر دەستی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی و میلیشیاکانی شیعە.

"بەعەرەبکردن"ی گەلی کورد و کوردستان تاوەکو ئێستاش هه‌ر ماوە.

فەرەنسا، دۆستی گەلی کورده‌، وڵاتێک کە دەبێ لە هەموو وڵاتانی دیکە زیاتر واتای جینۆساید بزانێت، بەچاوی گەورەترەوە تاوانێکی بەوشێوەیە لە دژی مرۆڤایەتی ببینێت.

لەم رەوشەدا دەستنیشانکردن و بەکارهێنانی دەستەواژەی جینۆساید، بێگومان زێدەڕۆیی نییە، لەبەرئەوەی وەکو لە راپۆرتی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ HRW دا هاتووە، "بۆ ئەوەی ئێمە بگەڕێینەوە بۆ بڕگەی رێککەوتنی ژنێڤ سەبارەت بە جینۆساید، ئامانجی رژێم لە نێوبردنی گرووپێکی کوردی عێراق بووه‌، بەشێوەیەک دابەشبووە، ئەمەی ئەنجامداوە، نیاز و کردارەکان یەکدەگرنەوە، تاوانی جینۆساید بە تەواوی جێبەجێکراوە.

بۆیە ئەم پڕۆژە – بڕیارە داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکات، کە ئەم جینۆسایدە بناسێنێت و پشتیوانی قەرەبووکردنەوەی زیانی قوربانیان و خێزانەکانیان بکات.

پڕۆژە – بڕیار

ماددەی تاک و تەنیا

1-کۆمەڵەی نیشتمانی

2-بەگوێرەی ماددەی 34-1ی دەستوور.

3 -بەگوێرەی ماددەی 136ی پەیڕەوەی ناوخۆی کۆمەڵەی نیشتمانی.

4 -بەگوێرەی ماددەی 7،6 و 8ی یاسای رۆمای دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی.

5-بەگوێری ماددەی 2ی رێککەوتنی رێگری و سزادان لەسەر تاوانی جینۆساید

6-بەگوێرەی پڕۆتۆکۆڵی جنێڤی ساڵی 1925 سەبارەت بە قەدەخەکردنی بەکارهێنانی گازی ژەهراوی هاوشێوەی چەکی بایۆلۆژی

لە شەڕدا.

7-لەبەرچاوگرتنی بنچینە مادییەکان ئامادەکراو، پالن و رێکخستنەکانی کە لەالیەن دەسەاڵتی عێراقیی سەدام حوسێنەوە

جێبەجێکرابوون.

8-لەبەرچاوگرتنی کردارە چەکدارییەکان، بەشبەشکردن، بێبەشکردنی مرۆڤایەتی و دابەشکاریی چینایەتی و دەربەدەرکردن، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، قڕکردنێک کە کوردی عێراق قوربانییەکانی بوون.

9-لەبەرچاوگرتنی رێژەی دڕندەیی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال، بەتایبەت بۆردوومانکردنی شاری هەڵەبجە، تەواوی ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ئەنجام دراون.

10-لەبەرچاوگرتنی خواستێکی بەهێزی رژێمی عێراقی ئەو سەردەمە بە تەواوی یان بەشێکی لە گەلی کورد لە عێراق بۆ لە نێوبردن قڕکردن.

11-لەبەرچاوگرتنی ئەرشیفێکی زۆر کە بە وێنەی بەڵگەدار لەسەر بەرپرسانی عێراق و تاوانەکانیان لە دژی مرۆڤایەتی.

12-لەبەرچاوگرتنی ناسینی دادگەی لاهای، لە 23ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2005 ،ئەو کردارانەی کە بنچینەییەکانی جینۆسایدن، بەتایبەت کارکردنی لە دژی هەڵەبجە لە ساڵی 1988دا، هەروەها حوکمی دادگەی تایبەتی تاوانەکان لە عێراق لەسەر ئەنجامدەرانی سەرەکی کردارەکان.

ك.ب