گومان لە کارایی ڤاکسینەکان بەرامبەر ئۆمیکرۆن نرخی نەوتی دابەزاند

لێدوانێكی سەرۆکی کۆمپانیای مۆدێرنا كاریگه‌ری له‌سه‌ر نرخی نه‌وت درووستكرد
نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هه‌ولێر:

بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکان لە کارانەبوونی ڤاکسینەکانی بەرامبەر کۆرۆنای جۆری ئۆمیکرۆن، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا درێژەی بە دابەزینەکانیدا، بۆ کەمترین ئاستەکانی سێ مانگی رابردوو داکەوت.

هۆکاری سەرەکی ئەو داکەوتنەش بۆ لێدوانێکی سەرۆکی کۆمپانیای مۆدێرنا دەگەڕێتەوە، کە بۆ رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز رایگەیاندووە، پێشبینی ناکەن پێکووتەی کۆرۆنا هەمان کاریگەری چالاکی لەسەر جۆری ئۆمیکرۆن هەبێت، هەر وەک چۆن کاریگەریی بەهێزی لەسەر جۆری دەلتا هەبوو.

دوای ئەم لێدوانە نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی پێوانەیی لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی سەدا 2.5 بۆ 71.62 دۆلار داکەوت.

نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی سەدا 2.3 بۆ 68.34 دۆلار داکەوت.