كۆگایه‌كی چه‌كی حه‌ماس ته‌قییه‌وه‌

به‌ ڤیدیۆ.. دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ ساتی ته‌قینه‌وه‌كه‌یان تۆماركردووه‌
كۆگایه‌كی چه‌كی حه‌ماس ته‌قییه‌وه‌
كۆگایه‌كی چه‌كی حه‌ماس ته‌قییه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ كۆگایه‌كی چه‌كی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ كه‌مپی په‌نابه‌ره‌ فه‌له‌ستینییه‌كان له‌ باشووری لوبنان روویدا، ئاژاسی فرانس پرێس له‌ زاری به‌رپرسێكی سه‌ربازی بڵاویكرده‌وه‌، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ كوژرا و بریندار هه‌یه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان به‌هۆی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ 13 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، دانیشتوانی كه‌مپی په‌نابه‌رانی فه‌له‌ستینی ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ شه‌وی رابردوو ته‌قینه‌وه‌كه‌ نزیك مزگه‌وتێكی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس روویداوه‌ له‌ كه‌مپی "برج الشمالي" له‌ شاری سوور.

له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشه‌وه‌ چه‌ندین گرته‌ی ڤیدیۆیی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، كه‌ ساتی ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌لایه‌ن دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ تۆماركراوه‌، كه‌ له‌ناكاو ته‌قینه‌وه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ ده‌ڵێن‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ هی كۆگای چه‌كی حه‌ماس بووه‌، به‌ڵام به‌رپرسی كه‌مپه‌كه‌ ره‌تی كرده‌وه‌، كه‌ كۆگایه‌كه‌ چه‌كی تێدابێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌ هۆی ئاگرێكه‌وه‌ بووه‌، كه‌ بوتڵی غاز و ئۆكسجینی تێدابووه‌.

دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌، حه‌ماس ناوچه‌كه‌ی كۆنترۆڵ كردووه‌ و رێگه‌ی نه‌داوه‌ كه‌س نزیكی شوێنی ته‌قینه‌وه‌كه‌ ببێته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كرێت 10 كه‌مپی په‌نابه‌رانی فه‌له‌ستینی له‌ لوبنان به‌ ته‌واوه‌تی له‌لایه‌ن حه‌ماس و بزووتنه‌وه‌ی فه‌تحه‌وه‌ كۆنترۆڵ ده‌كرێت و ده‌سه‌ڵاتدارانی لوبنانیش نزیكیان ناكه‌ونه‌وه‌.