له خولی نایابی عێراق ههولێر تووشی حهوتهمین شكست بوو

هەولێر بەهۆی سزادرانی لەلایەن فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقەوە لە یاریگای دهۆک لە گەڕی سێزدەمی خولی نایابی عێراق میوانداريی قوهی جهوییهی کرد، بۆ دووپاتکردنەوەی یەکریزی و ئاشتی یاریزانان بە ئاڵایەکی پێکەوەلکێندراوی کوردستان و عێراق چوونە سەر لاکێشەی سەوز.
یەکەمین هێرشی مەترسیداریی یارییەکە لە خولەکی پێنج بوو، جەویەی میوان بووە خاوەنی یەکەمین هەڕەشەی مەترسیداری یارییەکە.
هەولێریش بە ئامانجی تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم چەند جارێک خۆی لە گۆڵی جەویە نزیک کردەوە،
لە خولەکی 27 رێباز عەبدوڵڵا بەرپەرچی لێدانێكی سەری سەفا هادی دایەوە و تۆڕی گۆڵی هەولێری بە خاوێنی هێشتەوە.
له هێرشێکی دیکەی هەولێر شێرکۆ کەریم سوودی لێ نەبینی و جەویەش بە شوتێكی بههێز وەڵامی هەولێری دایەوە.
یارییەکە گەیشتە خولەکی 33 و لە ئەنجامی هەڵەیەکی بەرگری هەولێر حەمادی ئەحمەد بە تەنیا بەرامبەر رێباز مایەوە، هەرچەندە رێباز لە هەوڵی یەکەمدا تۆپەکەی گەڕاندەوە، بەڵام لە جاری دووەمدا هێرشبەرەکەی جەویە تۆپەکەی خستە گۆڵەوە.
هەولێر لە نیوەی یەکەم دەرفەتی گۆڵی بۆ رەخسا، بەڵام یاریزانان سوودیان لە دەرفەتەکان نەبینی، لە دوا ساتی نیوەی یەکەم کۆسرەت بایز بەم لێدانە راستەوخۆیە هەوڵیدا یارییەکە یەکسان بکاتەوە و ئامانجەکەی نەپێکا.
لە نیوەی دووەم هەولێر بە ئامانجی راستکردنەوەی ئەنجامەکە و جەویەش لەپێناو تۆمارکردنی گۆڵی دووەم بەردەوامیان بە یارییەکە دا.
هەولێر باشتر کۆنترۆڵی تۆپی کرد و دەرفەتێکی دیکەی هەولێر لە خولەکی 63 یانەکەی پایتەختی کوردستانی لە گۆڵی یەکسانی نزیک کردەوە و ئەم دەرفەتەش بێ سوود تێپەڕی.
سەفین مەنسوور و رەوا یوسف دوو گۆڕانکاری هەولێربوون بۆ باشترکردنی دۆخی یانەکە، لە خولەکی 90 جارێکی دیکە هەولێر لە گۆڵی یەکەم نزیک بوو، ئەم دەرفەتەش وەکو دەرفەتەکانی دیکە فەوتێندرا و بێ سوود کۆتایی هات.
لە كۆتاییهكانی یارییهكه، له هێرشێكی ههولێردا، یاریزنانی هەولێر داوای لێدانی سزایان کرد بەڵام ناوبژیوان رەتیکردەوە و بەردوامی بە یارییەکەدا، دواجار یارییەکە کۆتایی هات جهوییه بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە هەولێر بردەوە.
جەویە نۆیەمین سەرکەوتنی لەم وەرزە بەدەستهێنا و ژمارهی خاڵەکانی بۆ 28 خاڵ بەرز کردەوە، هەولێریش تامی حەوتەمین دۆڕانی کرد و بە خاوەنی هەشت خاڵ مایەوە.