زیانەکانی لافاو.. تەرمی کەسێکی دیکە لە قوشتەپە دۆزرایەوە

شەش کەس لە شارەدێی قوشتەپە خنکاون
دیمەنێکی لافاو لە هەولێر - 17/12/2021 - فۆتۆ: AFP
دیمەنێکی لافاو لە هەولێر - 17/12/2021 - فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

تەرمی كەسێكی دیكە لە قوشتەپە دۆزرایەوە، کە بەهۆی لافاو خنکاوە.

 بەرێوەبەری شارەدێی  قوشتەپە رایدەگەیەنێت، تەرمی چوارەم كەس دۆزرایەوە، كە لە نزیك گوندی پاشتەپە ئۆتۆمبێلەكەیان ئاو بردیویەتی و بەھۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

ستار ئاغا، بەرێوەبەری ناحیەی قوشتەپە بە كوردستان24ی راگەیاند: "شەوی رابردوو لەلایەن ھاووڵاتییانی گوندی پاشتەپە، تەرمی كەسێكی دیكە دۆزرایەوە كە لەگەڵ سێ كەسی دیكە ئۆتۆمبێلەكەیان ئاو بردبووی، بەھۆیەوە گیانیان لە دەستداوە".

گوتیشی: "كەسی چوارەم كە تەرمەكەی دۆزرابویەوە بە رەگەز نیپاڵیە و تەرمەكەی رادەستی پۆلیس كراوە، ئێستا لە پزیشكی دادی ھەولێرە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "لە سنووری قوشتەپە بەهۆی لافاوەکەی بەرەبەیانی دوێنێ، شەش كەس گیانیان لەدەستداوە، كە سێ كەسیان بیانی بوون، یەكێکیان بە رەگەز تورك و دوو كەسەكەی دیكەش بەرەگەز نیپاڵین".

لەبارەی دۆزینەوەی تەرمی دانەر نەبەز، ئەو منداڵە تەمەن 10 مانگەی کەوتووەتە ناو ئاو، بەڕێوەبەری شارەدێی قوشتەپە گوتی: "تا ئێستا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە".