ژنێکی کۆچبەر لەسەر سنوور گیانی لەدەستدا
K24 – هەولێر
ژنێکی کۆچبەر بەهۆی سەرما لەسەر سنووری شاری وانی باکووری کوردستان گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فیدراسیۆنی پەنابەران "لە سنووری نێوان ئێران و تورکیا، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری وان-ی باکووری کوردستان ژنێکی کۆچبەر گیانی لەدەستداوە".
روونکراوەتەوە، رۆژی 1/1/2022، ژنێکی ئەفغانی لەگەڵ دوو منداڵەکەی، کە بەهۆی دەسەڵاتی تاڵیبان وڵاتەکەیان جێهێشتووە، لە ئێرانەوە بەرەو وڵاتی تورکیا رۆیشتوون، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری وان، دایکەکە لە سەرمان رەقبووەتەوە و گیانی لەدەستداوە.
بە گوتەی گوندنشینانی نزیک لە شوێنی رووداوەکە، ژنەکە پێش گیان لەدەستدانی جل و بەرگی زیاتری لەبەر منداڵەکانی کردووە و گۆرەوییەکانیشی کردووەتە دەستی منداڵەکان، بۆ ئەوەی لە سەرما بیان پارێزێت و گیان لەدەستنەدەن.