کاسبکارێکی هەولێر شەیدای دەنگی هونەرمەند فەرید ئەترەشە

بۆ سەردانی گۆڕەکەی چووەتە قاهیرە
حاجی عەلی خەیات - فەرید یەترەش
حاجی عەلی خەیات - فەرید یەترەش

K24 - هەولێر

لە بازاڕی گەورەی شاری هەولێر، کاسبکارێکی تەمەن 74 ساڵ هەر لە منداڵییەوە شەیدای دەنگی هونەرمەند فەرید ئەترەشە و رۆژانە گوێ لە دەنگی ئەو گۆرانیبێژە دەگرێت، وەک خۆشی باسی دەکات چووەتە قاهیرە و سەردانی گۆڕی فەرید ئەترەشی کردووە، بەهۆی خۆشەویستیشی بۆ ئەو هونەرمەندە، کوڕە گەورەکەی ناو ناوە فەرید.

حاجی ‌‌عەلی، یەکێکە لە خەیاتە دێرینەکانی هەولێر، ئەو ئێستا بەیانیان بە گۆچانەکەی دەستیەوە دێتە بازاڕ بۆ شوێنی کارەکەی، لەگەڵ گەیشتنی بۆ دوکانەکەی لە دەستپێکدا رادیۆکەی دادەگیرسینێت و بە گوتنەوەی گۆرانییەکانی فەرید ئەترەشەوە دەست بە کارەکەی دەکات. ئەو لە منداڵییەوە شەیدای دەنگی ئەو هونەرمەندە سوریەیە، باسی خۆشەویستی فەرید ئەترەش دەکات. لە ساڵی 2017 پارەی کۆکردووەتەوە و سەردانی گۆڕی فەرید ئەترەشی کردووە لە قاهیرە.

حاجی ‌‌عەلی، بە کوردستان24ی گوت: "فەریدم زۆر خۆشدەوێت و گوێگرتن لە دەنگی ئەو هیوایەتمە و لەگەڵ خوێنم تێکەڵ بووە، بۆ چوونم بۆ سەر گۆڕی فەرید ئەترەش پارەیەکی زۆرم خەرج کرد و گۆڕەکەم ماچ کرد".

فەرید ئەترەش، هونەرمەندێکی ناسراوی سووری بوو، لە 26 کانوونی یەکەمی 1974، لە بەیروتی پایتەختی لوبنان کۆچی دوای کردووە، و گۆڕەکەی لە قاهیرەی پایتەختی میسرە. حاجی ‌عەلی خەیات کاتێک ناوی  فەرید ئەترەش دەهێنێت دڵی پڕدەبێت و چاوەکانی پڕدەبن لە گریان، لە خۆشەویستی بۆ ئەو هونەرمەندە کوڕە گەورەکەی ناو ناوە فەرید.

وەکخۆی ئاماژەی پێکرد: "کوڕەکەم ناو ناوە فەرید، لەبەر ئەوەی زۆر فەرید ئەترەشم خۆش دەویست، ئەوکاتەی کوڕەکەم لە دایکبوو زۆر دڵخۆش بووم، چونکە ناوم نا فەرید".

حاجی عەلی خەیات، ئارەزوو دەكات تا لە ژیان ماوە جارێكی دیكە بتوانێت سەردانی گۆڕی ھونەرمەند فەرید ئەترەش بكاتەوە لە قاھیرە، ئەویش وەك دووپاتكردنەوەی خۆشەویستی بۆ فەرید ئەترەش و ھونەرەكەی، كە ساڵانێكی زۆرە لەنێو جەنجاڵی بازاڕ و دوكانەكەیدا گوێی لێدەگرێت.