کەمال ئەترووشی: بۆ چاودێریکردنی دابەشکردنی نەوت سەردانی زۆربەی ناوچەکان دەکەین

وەزیری سامانە سرووشتییەکان: لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی رێککەوتووین

K24 – هەولێر

وەزیری سامانە سرووشتییەکان رایدەگەیەنێت، بۆ چاودێریکردنی دابەشکردنی نەوت سەردانی زۆربەی ناوچەکان دەکەن، بەگوێرەی رێککەوتنیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێ 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە مەبەستی چاودێریکردنی دابەشکردنی نەوت سەردانی قەزای شێخانی کرد و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "لە داهاتوودا سەردانی زۆر ناوچەکانی دیکەش دەکەم، لیژنەی تایبەتمان هەیە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپیی، بەپێی پلانی خۆمان ئەولەویەت بۆ ناوچە شاخاوییەکانە، لە قۆناغی دووەمدا نەوت لەناو شارەکان دابەش دەکرێت".

گوتیشی: "دواکەوتنی دابەشکردنی نەوتی سپی لە دەستی ئێمە دا نییە، چونکە ئێمە خۆمان بەرهەمی ناهێنین، بەڵکو بە هاوکاری حکومەتی عێراق دەیهێنین، بۆیە پێویستە بەردەوام بین لەگەڵ ئەوان، ئەگەر دواشکەوێت پێیان دەڵێین چارەسەری بکەن".

وەزیری سامانە سرووشتییەکان، ئاماژەی بەوەشدا: "دابەشکردنی نەوت بە هاوکاری وەزارەتی نەوتی عێراقە، رێککەوتنمان کردبوو، 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، کە بە سێ قۆناغ بینێرن، قۆناغی یەکەم هاتووە و دەست بە دابەشکردنی کراوە".

راشیگەیاند: "تائێستا پەیوەندی و هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق باشە، هیوادارین لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پەیوەندییەکانمان باشتر بێت، پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای پیشەیی و هاوبەشی بێت، من گەشبینم بە پەیوەندییەکانمان لە داهاتوودا".

فتاح رەحمان، بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سرووشتييەكان کە لەم سەردانەدا بۆ قەزای شێخان یاوەری وەزیری سامانە سرووشتییەکان بوو، بە کوردستان24ی گوت: "تائێستا زیاتر لە 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان دابەشکراوە و پڕۆسەکە بەردەوامە".

ئەوەشی خستەڕوو: "لە زۆر ناوچەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نەوت دابەشکراوە، بەڵام لە سەرەتادا لە ناوچە شاخاوییەکان دابەش دەکرێت".