رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022ی عێراق ئامادەکراوە
K24 - ههولێر:
رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022ی عێراق ئامادەکراوە و پشکی ھەرێمی کوردستانیش وەکو ساڵی رابردووە هەروەها ھیچ گۆڕانکارییەك لە بههای دۆلاردا نەکراوە.
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، حکومەتی عێراق رەشنووسی بودجەی ئەمساڵی ئامادە کردووە، بەڵام بودجەیەکی خەیاڵییە و زۆرە، بۆیە لیژنەیەکی پێکھێناوە بۆ ئەوەی رێژەکە کەمبکاتەوە بۆ نزیکەی 130 ترلیۆن دینار، ئێستاش لیژنەکە کار لەسەر ئەو پرسە دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، پشکی ھەرێمی کوردستان لەو رەشنووسەدا بە ھەمان شێوەی ساڵی رابردووە و رێککەوتنەکە چۆن کراوە، بەو شێوەیە دانراوەتهوه، بەڵام ئەمە رەشنووسە و ئەگەری گۆڕانکاری ھەیە.
لە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق، پشکی هەرێم بە 12.7% دانرابوو، بە مەرجی ناردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆ.
فازڵ نەبی، ئەوەشی خستەڕوو، ئەم حکومەتەی ئێستا کاربەڕێکەرە و ناتوانێت رهشنووسهكه رەوانەی ئهنجومهنی نوێنهران بکات، بۆیە چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکرێت، تاوەکو بۆ پهرلهمان كاری لهسهربكات و گفتووگۆی لەسەربکرێت دواتر پەسەند بكرێت.
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق گوتیشی، لەو رەشنووسەی ئامادە کراوە، نرخی دۆلار بەرامبەر دینار وەک خۆیەتی، بەڵام ھەندێک لایەنی سیاسی داوا دەکەن نرخەکەی کەم بکرێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی بەمیلێک نەوت لە رەشنووسەکەدا بە 50 دۆلار دیاریکراوە و بەڵام ئەو نرخە کەمە و پێشبینی دەکرێت دەستکاری بکرێت.