کاتی دەوامی فەرمانبەران لە چەند ناوچەیەک دەگۆڕدرێت

فەرمانبەران ئاگادار دەکرێنەوە
دیمەنێکی راماڵی بەفر لە شاری سلێمانی - 20/1/2022
دیمەنێکی راماڵی بەفر لە شاری سلێمانی - 20/1/2022

K24 – هەولێر

بەهۆی دابەزینی پلەی گەرمی و دروستبوونی شەختە، سبەی کاتی دەوامی فەرمانبەرانی حکومەت لە چەند ناوچەیەک دەگۆڕدرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "لەبەر نزمبوونەوەی زۆری پلەکانی گەرما و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە هەندێک ناوچە و گەڕەکەکاندا، دەوامی دامودەزگاکان سبەی یەکشەممە 23ی مانگ لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە کاتژمێر 10ی بەیانی دەستپێدەکات بۆ سەعات 2ی پاشنیۆڕۆ".

لەلایەکی دیکە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایگەیاند: "بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەستنی زۆرێک لە رێگاکانی هاتووچۆ، ئاگاداری سەرجەم فەرمانبەرانی سنوورەکەمان دەکەین سبەی یەک شەممە بەرواری 23/1/2022، دەوام لە کاتژمێر 09:30 خولەکەوە دەستپێدەکات".

ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی لە چەند رۆژی رابردوودا هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە زۆربەی رێگاکانی دەرەوەی شار و ناو شارەکان ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە.