گەورەترین فڕۆکەی جیهان لە ئۆکرانیا سووتێنرا

تێچووی بونیاتنانەوەی 3 ملیار دۆلارە
فڕۆکەی Antonov AN-225
فڕۆکەی Antonov AN-225

K24  - هەولێر:

فڕۆکەی Antonov AN-225 کە بە گەورەترین فڕۆکە دادەنرێت لە جیهاندا، لە ئەنجامی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سووتێنرا.

بە گوێرەی هەواڵێكی ویبسیاتی "CNN" فڕۆکەی ئەنتۆنۆڤ AN-225 کە لە ئۆکرانیا بە "میریا" یان بە "خەون" ناسراوە لە فڕۆکەخانەیەکی نزیک کیێڤ بە مەبەستی چاککردنەوەی دانرابوو، بەڵام بەپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن لەلایەن "رووسیای داگیرکەر"ـەوە هێرشی کراوەتە سەر و سووتێنراوە.

دمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە تویتێکدا گوتی "لەوانەیە رووسیا میریای لەناوبردبێت، بەڵام هەرگیز ناتوانن خەونی بوون بە دەوڵەتێکی ئەوروپی بەهێز و دیموکرات و ئازاد لەناوببەن، ئێمە بەسەریاندا زاڵ دەبین."

"Ukroboronprom" کۆمپانیایەکی بواری سەربازی سەربە حکومەتی ئۆکرانیایە کە کۆمپانیای بەرهەمهێنی فڕۆکەکە بەڕێوە دەبات، لە لێدوانێکدا رایانگەیاند، فڕۆکەکە تێکشکێندراوە بەڵام دووبارە بە بودجەی 3 ملیار دۆلار بونیات دەنرێتەوە، بودجەکەشی لەلایەن رووسیاوە دابین دەکرێت.

بنکەی ئاسمانی هۆستۆمیل کە فڕۆکەی Antonov AN-225 لێهەڵگیرابوو
بنکەی ئاسمانی هۆستۆمیل کە فڕۆکەی Antonov AN-225 لێهەڵگیرابوو، وێنە: مانگی دەستکردی ماکسەر 

H.H