کەشتیوانێکی ئۆکرانی لە ئیسپانیا هەوڵی تۆڵەکردنەوە لە رووسیا دەدات

پێش تەواوکردنی کارەکەی پۆلیس دەستگیری دەکات
دورگەی ماجۆرکا لە ئیسپانیا
دورگەی ماجۆرکا لە ئیسپانیا

K24 - هەولێر:

کەشتیوانێکی ئۆکرانی لە دورگەی ماجۆرکا لە ئیسپانیا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ نوقمکردنی یەختێکی 11 ملیۆن دۆلاری کە سەرمایەدارێکی رووسی خاوەنی یەختەکە بوو، دەستگیرکرا.

کاتێک کەشتیوانەکە لە تەلەڤزیۆنەوە هێرشەکانی رووسیای بۆسەر کێیڤ بینیووە، تووڕە بووە و هەوڵی نوقمکردنی یەختەکەی داوە.

لەکاتی لێکۆڵینەوە بە پۆلیسی وتووە "خاوەنی یەختەکە بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی ئەو چەکانەی کە لە دژی وڵاتەکەم بەکاردەهێندرێت."

لە ئەنجامی هێرشی مووشەکەکانی رووسیا لە 27ـی شوباتی 2022، بۆ سەر ناوچەیەکی نزیک فڕۆکەخانەی ژولیانی کە دەکەوێتە کێیڤی پایتەختی ئۆکرانیاوە، چەند هاووڵاتیەکی سڤیل کوژران، کەشیتوانەکە بە بینینی ئەم هەواڵە تووڕە بووە و کاردانەوەکەی ئەوە بووە کە هەوڵی تێکدانی بزوێنەر و نقومکردنی یەختەکەی داوە.

سێ کەشتیوانی دیکەش کە لەگەڵیدابوون داوایان لێکردووە ئەو کارە نەکات، بەڵام باسی لەوە کردوە، خاوەنی ئەو یەختە تاوانبارێکە کە بە فرۆشتنی ئەو چەکانەی ئۆکرانیەکانی پێدەکوژرێت پارە پەیدا دەکات.

ئەلیکساندەر میخێڤ، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Rosoboronexport خاوەنی یەختی "لەیدی ئەنستێژیا"یایە و کەشیتوانەکە کارمەندی یەختەکەی بووە.

کۆمپانیای Rosoboronexport لە بواری هاوردە و هەناردەی کەلوپلەی سەربازی بۆ وەزارەتی بەرگری رووسیا کار دەکات.

سەرچاوە: BBC

H.H