ئەمەریکا دەیەوێت لە رێگەی دراوسێیەکی ئۆکرانیاوە فڕۆکە بداتە کیێڤ

هەوڵی ئەوە هەیە فڕۆکەی شەڕکەر بدرێتە سوپای ئۆکرانیا
فڕۆکەی جەنگی رووسی
فڕۆکەی جەنگی رووسی

K24 - هەولێر:

جەنگەکە تا دێت لە کیێڤ نزیکتر دەبێتەوە و فشاری زیاتری دەکەوێتە سەر، حکومەتی ئەمەریکاش لەگەڵ وارشۆو کار دەکات بۆ ناردنی فڕۆکەی جەنگی لە پۆڵەنداوە بەرەو ئۆکرانیا.

رێکەوتنی نێوان واشنتۆن و وارشاو بەجۆرێک دەبێت کە ئۆکرانیا لەرێگەی پۆڵەنداوە فڕۆکەی شەڕکەری دروستکراوی رووسیا وەربگرێت و دواتر لەلایەن ئەمەریکاوە فڕۆکەی F-16 بدرێتە پۆڵەندا.

فڕۆکەی جەنگی F-16
فڕۆکەی جەنگی F-16

ئەم رێکەوتنە لە کاتێکدایە کە ئۆکرانیا ترسی ئەوەی هەیە رووسیا هێرشە ئاسمانیەکانی زیاد بکات، بەهۆی ئەوەی پێشڕەوی سوپاکەی لەناو خاکی ئۆکرانیادا خاوبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.

کۆشکی سپی گوتی کە لەگەڵ پۆڵەندا دانووستان دەکات و راوێژ بە هاوپەیمانانی دیکەی ناتۆ دەکات بەڵام "رووبەڕووی چەند ئاڵانگاری و پرسیاری پراکتیکی دەبێتەوە، لەوانە چۆن لە پۆڵەنداوە فڕۆکەوە دەگەیەنێتە ئۆکرانیا."

ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا لەدوای ئەوە دێت کە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی داوایان لە ناتۆ کرد ئەگەر ناوجەی دژە-فڕین لە ئۆکرانیا راناگەیەنێت، ئەوا پێویستە فڕۆکەی شەڕکەر بۆ ئۆکرانیا دابین بکات.

سەرچاوە: financial times

H.H