ئەمەریکا: ئێران ناوچەی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی بەئامانج گرتووە

ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات
زیانەکانی دامەزراوەی کوردستان24
زیانەکانی دامەزراوەی کوردستان24

K24 - هەولێر:

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا، جەیک سولیڤان لە لێدوانێکیدا لەبارەی هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان گوتی "هێرشەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ناوچەی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی بەئامانج گرتووە."

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی هێرشە مووشەکیەکەی ئێران بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکات.

جەیک سولیڤان ئاماژەی بەوەشدا، هێرشەکە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ناوچەی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی بەئامانج گرتووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێم نێچرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی راگەیاند و سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات.

ناوبراو گوتیشی "ئەمەریکا پشتیوانی لەحکومەتی عێراق دەکات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه‌ بخاته‌ ئه‌ستۆی ئێران، هەروەها پشتگیری هاوبەشەکانیان دەکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ رووبەرووبوونەوەی هێرشی هاوشێوە لەلایەن ئێرانەوە."

سولیڤان گوتیشی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا پشتیوانی سەروەریی تەواوی عێراق و سەربەخۆیی و تەواوی خاکەکەی دەکات."

دامەزراوەی کوردستان24 دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئەمشەو
دامەزراوەی کوردستان24 دوای هێرشە مووشەکییەکە

شەوی 13/12-3-2022. پاش کاتژمێر یەکی بەرەبەیانى، 12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عیراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمەریکی لە هەولێر کران و ناوچە سڤیل نشینەکانی نزیك بارەگای کەناڵی کوردستان24 و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوتن، دەرئەنجام زەرەر و زیانی ماددی بەر باڵەخانە و خانووەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا هاووڵاتییەك بە سووکی بریندار بووه.

H.H