رووسیا هه‌ڕه‌شه‌ی توند له پۆڵه‌ندا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه له پۆڵه‌ندا ده‌كات، كه مۆسكۆ وه‌ڵامێكی توند و كاریگه‌ری بۆ ده‌ركردنی دیپلۆماتكاره رووسییه‌كان له‌لایه‌ن وارسۆوه ده‌بێت.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا رایگه‌یاند، "بڕیاری ده‌سه‌ڵاتدارانی پۆڵه‌ندا بۆ ده‌ركردنی 45 كارمه‌ندی باڵیۆزخانه‌ی رووسیا له 23ی مارس، هه‌نگاوێكی مه‌به‌ستداره به‌ره‌و له‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كیی په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كانی نێوانمان، كه ماوه‌یه‌كی درێژه هاوبه‌شه پۆڵه‌ندییه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه‌بۆداڕێژراو كاری بۆ ده‌كه‌ن".
به‌یاننامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، به‌رپرسیارێتی ته‌واوی ئه‌وه‌ی رووده‌دات و ده‌رهاوێشته‌كانی به ته‌واوی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای وارسۆ و دووپاتیشیكرده‌وه، "رووسیا به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشه دوژمنكارانه‌یه بێ وه‌ڵام نابێت، وه‌ڵامه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت، كه چه‌واشه‌كاره پۆڵه‌ندییه‌كان عاقل ده‌كه‌ن و زۆر به‌لایانه‌وه كاریگه‌ر ده‌بێت".
له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیادا جه‌خت كراوه‌ته‌وه، "وارسۆ ره‌وایه‌تی به هه‌ڵچوونێكی مه‌ترسیدار داوه له ناوچه‌كه، كه ئه‌و هه‌نگاوه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وندی نیشتمانی نه‌ناوه، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ناتۆوه بۆ ئه‌و هه‌نگاوه ئاراسته‌كراوه و له‌سه‌ر بنه‌مای رق و كینه بۆ رووسیا بونیاتنراوه و بووه‌ته رێبازێكی فه‌رمی و په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن".
ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی رووسیا دوای ئه‌وه هاتووه، ، دوێنێ پۆڵه‌ندا بڕیاری ده‌ركردنی 45 دیپلۆماتكاری روسیی دا، به گومانی سیخوڕیكردن بۆ مۆسكۆ، هه‌روه‌ك وارسۆ به‌دووری نه‌زانی، كه باڵیۆزی رووسیاش له وڵاته‌كه‌ی ده‌ربكات.
له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌دا به‌هۆی هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، گرژی كه‌وتووه‌ته په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رووسیا و پۆڵه‌ندا.
H.B