"لە واژووکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی لهگهڵ ئێران زۆر نزیکین"
K24 - ههولێر:
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئاشكرای دهكات، "لە واژووکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی لهگهڵ ئێران زۆر نزیکین".
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە پەراوێزی لوتکەی قەتەر رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوو رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران واژوو دەکرێت.
بۆرێل راشیگهیاند، "هێشتا چەند پرسێک بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، ناتوانم بڵێم کەی و چۆن بەڵام تەنیا لەسەر کات وەستاوە و لە چەند رۆژی داهاتوو رێککەوتنەکە واژوو دەکرێت و ئێران دەگەڕێتەوە ناو رێککەوتنی ئەتۆمی".
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژه بهوه دهكات، لەسەدا 95 ئاستەنگەکانی بەردەم رێککەوتنەکە هەڵگیراون، بەڵام ئەو لەسەدا 5ی کەماون زۆر هەستیار و گرنگن.
بۆرێڵ روونیكردهوه، گەورەترین بەربەست مەرجەکانی رووسیا بوون، بەڵام دوای پیشاندانی رەزامەندی ئێستا کارەکان باش دەچنە پێشەوە.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا نایشارێتەوە کە هەموو کات لەگەڵ رێککەوتن بووە لەگەڵ ئێران و گوتی: "ئەگەر رێککەوتنەکە نەکرێت زۆر بێ ئومێد دەبم".