هاتووچۆی سلێمانی داوای وێنە و ڤیدیۆی ئەمجۆرە سەرپێچیانە لە هاووڵاتییان دەکات

ئاگادارییەك لە هاتووچۆی سلێمانییەوە
رووداوی هاتووچۆ
رووداوی هاتووچۆ

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، سزای ئەو کەسانە دەدات کە بە شێوازێکی مەترسیدار پێشبڕکێ بە ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەن، یان بە گۆڕینی ساڵۆنسای ئۆتۆمبێلەکانیان هاووڵاتیان بێزار دەکەن.

هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکێدا ئەو شۆفێرانە ئاگادار دەکاتەوە کە پێشبڕکێ بە ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەن و دەڵێت، "هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری ئەو شۆفێرانە دەکاتەوە کە بە پێی یاسای هاتووچۆ لێخوڕین بە تیژڕەوی و بەشێوەیەکی مەترسیدار و نەبوونی مەرجەکانی توندوتۆڵی لە هەر بڕگەیەکی مەرجەکان سەرپێچییە و سزای یاسایی دیاریکراوی هەیە وێڕای دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە."

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلیمانی هاتووە، "ماوەیەکە دوو دیاردە لە بواری هاتوچۆدا دەرکەوتووە ، کە هەم سەرپێچییە لە یاسا و رێنماییەکانی هاتووچۆ، هەم بووەتە مایەی گلەیی و ناڕەزایی هاوڵاتیان، ئەویش پێشبڕکێکردنە بە ئۆتۆمبێلەکانیان بەشێوەیەکی مەترسیدار، هەروەها گۆڕینی ساڵۆنسای ئۆتۆمبێلەکان لە لایەن چەند شۆفێرێک کە بێزاری هاوڵاتیانی لێدەکەوێتەوە."

ئەو بەڕێوەبەرایەتیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات هاوکاریان بن لە دەستنیشانکردنی ئەو جۆرە رەفتارانە بە مەبەستی لێپرسینەوە لەگەڵ سەرپێچی کاران بە پێیی یاسای هاتووچۆ .

راگەیەندراوەکەی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەدات، کە هەر هاوڵاتییەک وێنە و ڤیدیۆی ئەو جۆرە سەرپێچیانەی لەلایە، دەتوانێت لە رێگەی پەیجی هاتووچۆی سلێمانییەوە بۆیانی بنێرن یاخود بە پێدانی زانیاری ئاگاداریان بکەنەوە لە رێگەی ئەم ژمارانەی لای خوارەوە.

کۆنترۆڵی هاتووچۆ 188

سەنتەری هەماهەنگی پەیوەندییەکان PJCC  ژمارە 100