شوێنی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی یه‌كێك له‌ مووشه‌كه‌كان دۆزرایه‌وه‌

ھەر سێ مووشەكەکە لە ناو دەشت و شوێنە كشتوكاڵییەكان كەوتونەتە خوارەوە
دیمه‌نی شوێنی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی مووشه‌كێك
دیمه‌نی شوێنی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی مووشه‌كێك

K24 – هه‌ولێر:

ھێزە ئەمنییەكانی ھەرێمی كوردستان شوێنی یەك لەو سێ مووشەکەی كاتیۆشایان دۆزییەوە، كە لەلایەن گروپێكی میلیشیاكان لە حەمدانیەوە ئاراستەی سنووری قەزای خەبات كران، قائیمقامی قەزای خەبات رایگه‌یاند، ھەر سێ مووشەكەكە لە زەویە كشتوكاڵییەكان كەوتوونەتە خوارەوە و  ھێزە ئەمنییەكانیش نایشارنەوە گروپەكان ئەو بۆشاییە ئەمنیەیان قۆستوەتەوە کە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە بۆ ھێرشكردنە سەر ھەرێمی كوردستان.

تیمی كوردستان24 ھاوشانی ھێزە ئەمنییەكان دەچێتە شوێنی كەوتنە خوارەوەی سێ مووشەکی كاتیۆشا، كە لە نێوان قەزای خەبات و شارەدێی كەورگۆسك و رزگاری كەوتوونەتە خوارەوە.

ھێزە ئەمنییەكان دوای گەڕانێكی زۆر شوێنی یەكێك لە مووشەكەكانیان دۆزیەوە، بەڵام بۆشوێنی دوو مووشەكەكەی دیكە زۆر گەڕان ھیچ  شوێنەوارێكیان نەدۆزرایەوە.

یەك لەو سێ مووشەکە لە زەوی كشتوكاڵی جووتیارێك به‌ ناوی ھەڵمەت گاینجەیی كەوتووەتە خوارەوە. ئەو شەوه‌ لە ماڵەوە بووە، دەنگێکی گەورەی بیستووە، پێیان وتووە  مووشەکێک لە ناو زەویەكەی كەوتووەتە خوارەوە، به‌ڵام ھیچ زیانێكی ماددی و گیانی نەبووە. كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی مووشه‌كه‌كه‌، نزیكەی دوو مەتر زه‌وییه‌كه‌ی قووڵ كردووه‌ و ئینجا ته‌قیوه‌ته‌وه‌.

فەرماندەی فەوجی سێی لیوای یەكی نەوت و گاز، عەقید حەمە ریشە بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، میلیشیاكان  سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە وەردەگرن کە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە. ئه‌و داوایشی لە حكومەتی عێراق كرد، لێپێچینەوە لەو میلیشیایانە بكات.

ھەر سێ مووشەكەکە لە ناو دەشت و شوێنە كشتوكاڵییەكان كەوتونەتە خوارەوە و ھیچ زیانێكیان نەبووە. دۆخی ئەمنی ئەو شوێنانەش جێگیرە وجوتیاران و گوندنشین و كۆمپانیاكانیش سەرقاڵی كاروباری خۆیانن.

قائیمقامی قەزای خەبات، كوێستان ئەحمەد له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: دۆخەكە جێگیرە و میلیشیاكان دەیانەوێت بەو كارە تیرۆریستیانە  سەقامگیری ھەرێمی كوردستان بكەنە ئامانج.

شەوی رابردوو جارێكی دیكە گروپە میلیشاییه‌كان لە سنووری حەمدانیەوە  سێ مووشەکی كاتیۆشایان ئاراستەی شاری هەولێر كرد.

مووشەکەکان لە نزیک کۆمەڵگەی کەورگۆسک و زێی گەورە لە نزیک پاڵاتوگەی نەوت کەوتنەخوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددیان لێ نەکەوتەوە.